سه‌باره‌ت به‌ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، یه‌كێتی روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

پێنج شەممە, 08 ئازار 2018 12:45

 

له‌باره‌ی ده‌نگی بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن له‌كه‌ركوك، ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێت، له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، نه‌ك ته‌نها له‌ شاری كه‌ركوك.

له‌ چه‌ند میدیایه‌ك ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه،‌ گوایه‌ داواكاری له‌ناوخۆی یه‌كێتی به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له ‌ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌رنه‌كردنی‌ كێشه‌كانی كه‌ركوك له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌، یه‌كێتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌و شاره‌ بایكۆت بكات.


له‌مباره‌یه‌وه‌، ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی رێكخستنی یه‌كێتی له‌لێدوانێكدا بۆ میدیایه‌كی نزیك له‌ حزبه‌كه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك یه‌كێتی بایكۆتی هه‌ڵبژاردن له‌كه‌ركوك ناكات و باسی ئه‌و بابه‌ته‌ش نه‌كراوه‌.


ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتیشی: تائێستا هیچ یاداشتێك له‌لایه‌ن كادرانه‌وه‌ بۆ بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كه‌ركوك به‌رزنه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر یاداشتێكیش هه‌بێت به‌ده‌ستی ئێمه‌ ده‌گات.


ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، ته‌نیا له‌كه‌ركوك نابێت، به‌ڵكو له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.

 

 

ش.م