بڕیارێكی مولود مراد له‌وه‌زاره‌ته‌كه‌ی به‌رده‌وامه‌

پێنج شەممە, 08 ئازار 2018 14:55

 

وه‌ك یه‌كه‌م وه‌زیر له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مولود مراد، له‌سه‌ر پشكی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربونی بڕیاریدا به‌وه‌ی له‌پێناو شه‌فافیه‌ت و خستنه‌ڕووی زانیاری و داتای وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ هاوڵاتیان و میدیاو رۆژنامه‌نوسان مانگانه‌ خه‌رجی و داهاتی به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئاشكرا بكرێت، له‌ئێستادا سه‌ره‌ڕای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زیره‌ به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ .

وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خه‌رجی و داهاتی مانگی كانوونی دووه‌می 2018 ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت: له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و مافه‌ی هه‌موو كه‌سێك بتوانێت ده‌ستی به‌ زانیاری و داتاكان بگات ، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ، رێژه‌ی داهات و خه‌رجیه‌كانی له‌ ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌تدا بڵاوده‌كاته‌وه‌ .

له‌ داتایه‌كی نوێدا كۆی گشتی داهات و خه‌رجیه‌كانی وه‌زاره‌ت له‌ مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ كه‌ سه‌رچاوه‌كانی بریتین له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتیه‌كان بڵاوكردۆته‌وه‌ و وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی ره‌سمی زانیارییه‌كان ده‌توانرێت پشتی پێ ببه‌سترێت به‌ تایبه‌تی له‌لایه‌ن رۆژنامه‌وان و چالاكوانانه‌وه‌ .

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌ش هاتووه‌: هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆی ئه‌و سزایانه‌ی عێراقی فیدراڵ به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی سه‌پاندووه‌ به‌ تایبه‌تی رێگریكردن له‌ گه‌شته‌ ده‌ره‌كیه‌كان له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ و بۆته‌ هۆی دابه‌زینی ئاستی داهات به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ، به‌ڵام تا ئێستا داهاتی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن زیاتره‌ له‌ خه‌رجیه‌كانی .

داهاتی وه‌زاره‌ت به‌ دۆلار له‌و مانگه‌دا بریتی بووه‌ له‌ (280، 211) دوو سه‌د و یانزه‌ هه‌زار و دوو سه‌د و هه‌شتا دۆلار و خه‌رجیه‌كانیشی گه‌یشتۆته‌ (283 ، 66) شه‌ست و شه‌ش هه‌زار و دوو سه‌د و هه‌شتا و سێ دۆلار .

پێشتر له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌ی مولود مراد، كه‌ بڕیاریدا به‌وه‌ی خه‌رجی و داهاتی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی هه‌موو مانگێك بڵاوبكرێته‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیداهێناو چاڵاكوانان و چاودێرانی سیاسی به‌هه‌نگاوێكی گرنگ و بڕیارێكی دروستیان زانی .

م-ع-كانی