مونا قەهوەچی، لەسەر هەرەشەكانی فەرهاد پیرباڵ رونكردنەوە دەدات

هەینی, 09 ئازار 2018 17:13

مونا قەهوەچی، سەرۆكی فراكسیۆنی پێشكەوتنی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە "خۆم و بازرگان هیچمان بەرامبەر د.فەرهاد پیرباڵ لە دڵدا نییە".

مونا قەهوەچی، سەرۆكی فراكسیۆنی پێشكەوتنی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان  لەروونكردنەوەیەكدا كە وێنەی بۆ كوردیو نێردراوە بەناوی خۆی هاوسەرەكەی عەبدولقادر بازرگان سوپاسی ئەو كەسانەی كردووە كە پەیوەندییان پێوەكردووە بۆ دەربڕینی ناخۆشی بەرامبەر رووداوەكەی دوێنێ كە رووبەڕووی بوونەوە.

سەبارەت بە گرتە ڤیدیۆییەكەش وتویەتی "ئەم گرتە ڤیدیۆییە لە زۆربەی پەیجەكان بڵاوبۆتەوە زۆر ئاساییە، من وەكو نوێنەری خەڵكی كوردستان و هەموو رەخنە و گلەییەكانی خەڵكم قبوڵە، هاوسەریشم سەرۆكی پارتی چاكسازی توركمان هیچ پەیوەندییەكی خراپیان نەبووە بەرامبەر هیج كەسێك".

قەهوەچی ئاماژەی بەوەكردووە "لێرەوە دووپاتی دەكەمەوە كە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ باشترە لە ڕێگەی قسەی نەشیاو و جوێندان بەیەكتر، چونكە لەگەڵ ئاستی رۆشنبیریمان ناگونجێَت".

مونا قەهوەچی هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر پیرباڵ ئاشكراكردووە و دەڵێت "بەهەرحاڵ خۆم و بازرگان هیچمان بەرامبەر د.فەرهاد پیرباڵ لە دڵدا نییە و ئەوەی پێخۆشە لەم كارەدا پێناسەی ئاستی رۆشنبیری خۆیەتی".

لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەردەكەوێت كە لە كاتی رۆیشتنی مونا قەهوەچی و هاوسەرەكەی لەنزیك قەڵای شاری هەولێر، د.فەرهاد پیرباڵ دوایان دەكەوێت و قسەی نەشیاویان پێدەڵێت، لەلایەن هەندێك خەڵكیشەوە هوهایان لێدەکرێت.