جارێكی تر شەڕە قسە دروست دەبێتەوە، ئومێد خۆشناو وەڵامی نووسینگەی سەرۆك كۆمار دەداتەوە

شەممە, 10 ئازار 2018 05:16

 

 

لەنێوان نووسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی شەڕە قسە دروست دەبێت و لە فەیس بووك وەڵامی یەكتری دەدەنەوە.

دوای ئەوەی دوێنێ‌ نووسینگەی (د. فوئاد مەعسوم) ی سەرۆك كۆمار وەڵامی نامەیەكی (ئومێد خۆشناو) ی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دایەوە، ئەمڕۆ جارێكی تر خۆشناو وەڵامی نووسینگەی مەعسوم دەداتەوە.

ئومێد خۆشناو لەوەڵامەكەی بۆ نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆمار نووسیویەتی، خەریكە ویلایەتی سەركۆماری عێراق بەرەو كۆتایەو، بەردەوامیش جێگای سەرنج و پرسیاری هاوڵاتیانی كوردستان بووە كە، خێرە سەدان و دەیان ڕووداوی هێندە گرنگ ڕوویدا، كەچی فەخامەتی سەركۆمار هەر بێدەنگی هەڵبژارد ؟

وابزانم ئەو پەندەی كەدەڵێ (بێدەنگی جوانی مرۆڤە) میتۆدی سەر كۆمار و سەرۆكایەتی كۆمار بووە.

بەڵام خۆشبەختانە دوای ئەوەی دوێنێ نامەیەكی سەرئاوەڵام بۆ فەخامەتیان نارد، كەچی كەمتر لە ڕۆژێك سەرۆكایەتی كۆمار وەرامیان دامەوە، هەرچەند هەوڵدەدەم من نەچمە ژێر فشاری وەرامە ئاست نزم و زمانە زبرەكەیان، بەڵام ناشكرێ وەك ئەوان بێدەنگی هەڵبژێرم.

لەو وەرامدانەوە خێرایەی من، من گەیشتمە ئەو ئەنجامەی، وەئاگان، بەڵام نایانەوێت و یان ناوێرن لەسەر هەرپرسێك بێنە دەنگ، دیارە بۆ پەزی خراپە.

هەروەها زۆر زۆر خۆشحاڵم بە زوبانی شرینی كوردی وەرامیان داومەتەوە، هەڵبەت بەوە فرە دڵخۆشم كە، لە لاپتۆپەكەیان فۆنتی كوردی هەیەو دیارە قەدەغەنیە لەكۆشكی كۆماری.

وەلێ زۆر سەیرە، چەند پرسیارێكم كردبوون، هیچ یەكێك لە پرسیارەكانیان، بەرسڤ نەداوەتەوە.

پرسیارێك دوێنێ نەمكردبوو، ئەمڕۆ هەقی خۆمە بیكەم.

ئەرێ بێزەحمەت بیرتانە كاتێك ڕۆژی پێش (16) ی ئۆكتۆبەری شەرم هێن و خیانەت، دوكەڵی دەبابەكانی ئەبرامزو قافڵەی سەیارەكانی سەربازی، خەریك بوو ئاسمانی بەغدا بكات بەتەم، چ بەیانێكتان دەرنەكرد، ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت، هەر بێدەنگیتان هەڵبژاردوە، كەچی بۆ وەرامی نامەیەكی من هێندە ئازاو خێران.

سەرۆكایەتی كۆمار لە درێژەی وەڵامەكەیدا نوسیویەتی، لە ڕاستیدا سەرمان سوڕماوە لە دوفاقی گوتارو دەربڕینتان، هەزارو یەك هەوڵ دەدەن بێنەوە بەغداو عێراقچێتیتان ئەوەندە تۆخ كردۆتەوە بەشی ئێمەمانان نەماوەتەوە.

وەڵا قوربان خەڵكی كوردستان شاهیدە، ئێمە چ كات شەیداو موشتاقی بەغدا نەبووینەو نابین، بەزاتی خودا ئێمە بەبەغدا ڕازی ببیان، نەك بەشی ئێوەمانان نەدەبوو، جێگاشتان نەدەبۆوەو بەسەربازێكی دڵسۆزیش وەرنەدەگیران.

لەكۆتایی دەڵێم، زۆرخۆشحاڵم هاتنە دەنگ، ئەگەر دەنگەكەشتان كزو لاواز بوو، بەڵام هەرباش بوو قسەتان كرد، ئەو گومانەتان لا ڕەواندینەوە خودا نەخواستە نەوەك لاڵ بن، ئێستا زانیمان دەنگتان هەیەو قەڵەمیشتان هەیەو كوردیشتان بیرنەچووە، دەی كەوایە چاوەڕوانین هەر دەنگتان بێ و لەخەو هەڵسن.

 

 

ئـ . كـ