هەپەگە لە هەرێمی برادۆست كوژرانی (18) سەربازی سوپای توركیای ڕاگەیاند

شەممە, 17 ئازار 2018 17:34

 

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل – هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلاكانیان لە دژی هێرشی سوپای توركیا لە ناوچەی برادۆستی باشوری كوردستان چاڵاكییەكیان ئەنجامداوە، لەو چاڵاكییەدا (18) سەرباز كوژران.

لە ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: لە نێوان گەریلاكانمان و هێزەكانی سوپای توركیا لە ناوچەی برادۆستی سەر سنوورەكانی باشوری كوردستان، شەڕی سەخت روویداوە، باسیش لەوەكراوە، هێزەكانی سوپای توركیا لە كاتێكدا دەیانویست بەرەو گردی ماسیرۆ تێپەڕبن، كرانە ئامانجی گەریلاكانمان، لەو چالاكییەدا هەشت سەربازی سوپای توركیا كوژران.

لە بەردەوامیدا رایگەیاندنەكەی هەپەگەدا هاتووە، سەرلەبەیانی لەسەر گردی پارتیزان شەڕ ڕوویدا، دوو سەربازی سوپای توركیا كوژران.

لە بەشێكی دیكە لە ڕاگەیەندراوەكەی هەپەگەدا هاتووە، جارێكی دیكە لە دژی ژمارەیەك سەربازی سوپای توركیا كە دەیانویست بەرەو گردی ماسترۆ تێپەڕبن چاڵاكی ئەنجامدرا، لەو چاڵاكییەشدا (7) سەربازی سوپای توركیا كوژران.

هەپەگە ڕاشیگەیاند، لەو شەڕانەدا كە سوپای توركیا بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و فڕۆكەی جەنگی گەریلاكانمان كردە ئامانج، بەو هۆیەوە دوو گەریلا شەهیدبوون.

 

ئـ . كـ