بەغدا مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی هەرێم خەرج دەكات

یەک شەممە, 18 ئازار 2018 17:16

 

وەزارەتی دارایی عیراق رێوشوێنەكانی تایبەت بە خەرجكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی هەرێم تەواودەكات و پارێزگاری سلێمانیش رایدەگەیەنێت: ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق تەئكیدیكردۆتەوە كە پێش 2018/3/21، مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ جیاوازی خەرج دەكرێت.


لەوبارەیەشەوە ماهیر جوهان، بریكاری وەزارەتی دارایی عیراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی حكومەتی عیراقی راگەیاندووە "وەزارەتی دارایی سەرقاڵی تەواوكردنی سەرجەم رێوشوێنەكانی تایبەت بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە".

 

ئاماژەشی بەوە داوە، تائێستا بودجەی 2018ی عیراق نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆی ئەوەی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی وەقایعی عیراقی دواكەوتووە.

 

هەروەها دەڵێت: "وەزارەتی دارایی تائێستاش كار بە سیستمی یەك لەسەر 12ی بودجە دەكات و فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتیش راسپێردراوە لەم مانگەوە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران هەڵبوەشێنێتەوە".

 

هەر سەبارەت بەو پرسەش د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە snnی راگەیاندووە: رۆژی 2018/3/16، لەمەراسیمی یادی كارەساتی هەڵەبجەدا، مەهدی عەلاق ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، تەئكیدیكردۆتەوە كە بڕیاردراوە پێش 2018/3/21 مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ جیاوازی خەرج بكرێت.

 

دەشڵێت: "بڕیاری خەرجكردنی مووچەكە دراوە، ئیتر نازانین فریا دەكەوێت پێش نەورۆز دابەشبكرێت یان نا".

 

ئاماژەشی بەوە داوە کە لیژنەكانی بەغدا كە سەردانی هەرێمیان كردووە، وردبینی هەموو فەرمانگەكانیان كردووە، ئێمەش لەو روانگەیەوە پرسیارمان لە مەهدی عەلاق كردووە ئایا تەنیا مووچەی پەروەردەو تەندروستی خەرج دەكرێت، لەوەڵامدا رایگەیاندووە: ئەو فەرمانەی كە هاتووە مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم خەرج دەكرێت.