پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو ناوی ئەو كەس و لایەنانەی ئاشكرا كرد كە ڕێگرن لەبەردەم پرۆژە یاسای چاكسازیدا

پێنج شەممە, 19 نیسان 2018 06:15

 

كوردیو ـ هەڵەبجە ـ حەیدەر حەمەصاڵح


ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێرەكەی لە سەر پشكی پارتی و یەكێتین ڕێگرن لەبەردەم تێپەڕاندنی پرۆژەیاسایی چاكسازی لە موچە و دەرماڵەی موچەخۆرانی هەرێم.

 


شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ كوردیو ڕایگەیاند: پرۆژەی چاكسازی پرۆژەی ئێمە بوو چوار ساڵە ئیشی بۆ دەكەین، بابەتی بەرەنگاربونەوەی بندیوار و فرە موچەیی و خانەنشینی نایاسایی، زیاتر لە 100 ملیار دینار مانگانە بەهەدەر دەدات و بەلابردنی ئەوانە 100 ملیار دینار دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی بەڵام بەداخەوە لەكاتی خۆیدا ڕاگیرا.

 

هەروەها ڕاشیگەیاند: ئێستا لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە هەلومەرجێكی ناوخۆیی و هەمەلایەنە هاتۆتە پێش، ئەو ترۆپكی گەندەڵیەی كە هاتۆتە پێش وبانگەشەی چاكسازی دەكات، بەڵام لەڕاستیدا وانیە و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەڕێكەوتن لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی وە جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێرەكەی كە هەر چواریان یەكێتی و پارتین بەرنامەیەكی وردیان داناوە كە ئەم بابەتی چاكسازیە دوا بخرێت.

 

سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد : هۆكاری سەرەكی بۆ دیاری نەكردن و دانەنیشتنی پەرلەمانی كوردستان دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێری پەرلەمانە كە لەیەكێتی و پارتین و بە ڕێكەوتنی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت كە پارتی و یەكێتین، زۆرینەی زۆری بڕیارەكانی ئەم چاكسازیە حكومەت خۆی دەتوانێت بیدات پێویست ناكات بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان 95%ی پاكێجی چاكسازی لەلای حكومەتە و پێویستی بە پەرلەمان نییە بۆیە ئەو بڕیارەش نادەن چونكە یەكێتی و پارتی لەسەر سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە دەژین و ئەو پاشەكەوتەیان دەست پێكرد و تەواوی موچەیان دابین نەكرد بۆ ئەوەی ببێتە سیستەمێك بەردەوام بێت.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: جێبەجی كردنی چاكسازی واتا ڕەنجاندنی ئەو پلەو پۆست و بندوار و پلە تایبەتانەی كە بەشێوەی نایاسایی موچەیان بۆ بڕاوەتەوە بۆیە نایانەوێت دڵیان لەخۆیان بڕەنجێنن، بۆیە فراكسیۆنەكانیش پێداگری ناكەن، تەنها یەكگرتووە كە بندیواری نییە و بانگەشەی ئەوە بكات كە موچەخۆری نایاسایی نییە هەرئەوەشە یەكگرتوو توانیویەتی ڕوبەڕوی ئەو گەندەڵیانە ببێتەوە.

 

شێركۆ جەودەت ووتیشی: ئەگەر سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سكرتێرەكەی بیانەوێت دەتوانن ئەو پرۆژە یاسایە تێپەڕێنن، بۆ یە پێویستە شەقام بجوڵێت و داوی لێسەندنەوەی متمانە لەسەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت و فراكسیۆنەكان هەڵوێستی جدیان هەبێت ، دەبێت خەڵك تێ بگات كێ‌ لەگەڵ چاكسازیە و كێ ڕێگرە .

 

 

 

 

س ب