هەولێر.. پێنج ئەندامی خێزانێك بونەتە كاندیدی لیستێكی عەرەبی

پێنج شەممە, 19 نیسان 2018 11:44

 


لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بۆ یەكەم جار كێبڕكێی بەرچاوی لیستە عەرەبیەكان دەبینرێت لە هەرێمی كوردستاندا و بەنیازی كۆكردنەوەی دەنگی هاوڵاتیانی كوردن، لە شاری هەولێریش لەیەك خێزاندا پێنج كەس دەبنە كاندیدی لیستی نیشتیمانی عەشائیری لە عێراق.


زانا شێروانی خەڵكی شاری هەولێرە و هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیایە و لە هەڵبژاردنەكانی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستێكی سەربەخۆ خۆی تاقیكردووەتەوە و دەنگی پێویستی بەدەست نەهێناوە، ئەمجارەیان لەگەڵ دوو برا و خوشكێك و براژنێكی، خۆیان لەسەر لیستێكی عەرەبی بەناوی لیستی رەوتی نیشتمانی عەشایری لە عێراق كاندید كردووە و، وەك خۆیان دەڵێن ئەوان لە داهاتوودا دەیانەوێت لە سێكتەرە جیاوازەكان كار بكەن بۆ ئایندەی وڵات.

زانا شێروانی كە هەڵگری ِرگەزنامەی بەرتیانیە و بڕوانامەیەلە بواری سینەمادا هەیە بە ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە : "لەساڵی ٢٠١٣ خۆم كاندید كرد و بە شێوەیەكی سەربەخۆ و ئەمجارەش پێنج كەس خۆمان كاندید كردووە و هۆكارەكەش ئەوەیە كە ئێمە سێ برا خۆمان كاندید كرد و پێویست بوو رێژەی بەشداربووی ئافرەت لە لیستەكەدا هەبێت و بەم هۆیەوەش خوشكم و براژنەكەم خۆیان كاندید كردووە".

لەبارەی بەدەستهێنانی دەنگەكان لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، وتی: "لە هەڵبژاردنەكانی ٢٠١٣ی پەرلەمانی كوردستان، ٣٠ هەزار دەنگم هێنابوو، بەڵام دواتر پێیان راگەیاندم كە تەنها ٣٠ دەنگم هێناوە و بەم هۆیەشەوە نەمتوانی كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنم".