پۆلیسی هه‌ولێر هۆكاری كوژرانی كادره ‌باڵاكه‌ی یه‌كێتی ئاشكرا ده‌كات

سێ شەممە, 24 نیسان 2018 14:22

 

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، له‌ شاری هه‌ولێر، ده‌ستڕێژی گوللـه‌ له‌ كادیرێكی یه‌كێتی كرا و ده‌ست به‌جێ گیانی له‌ده‌سه‌تدا، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌‌ هه‌ولێر هۆكاری‌ كوشتنی‌ ئه‌و كادێره‌ ئاشكراده‌كات.

دوای‌ نیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ 24ی نیسانی 2018، له‌سه‌ر شه‌قامی‌ 100 مه‌تری‌ له‌شاری‌ هه‌ولێر، كادێرێكی‌ باڵای‌ یه‌كێتیی كه‌ پۆستی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی‌ هه‌رێمی‌ هه‌یه‌ ده‌ستڕێژی‌ گوله‌ی‌ لێكراو ده‌ستبه‌جێ‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا.

دوای رووداوه‌كه‌، عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: هۆكاری گیانله‌ده‌ستدان و كوشتنی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی كۆمسیۆن هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ بانگه‌شه‌و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و سیاسییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی دوو مانگ پێشتری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌و ئه‌وكه‌سه‌ دوژمنداریی هه‌بووه.


به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر بۆ snn زانیاری زیاتری ئاشكراكردو وتی: دواتر ورده‌كاری ڕوداوه‌كه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌گشتی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌حزبایه‌تی و بانگه‌شه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو دۆسێكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كێشه‌یه‌كی‌ دوو مانگ له‌مه‌وبه‌رو پێشتریش چه‌ندین كه‌س له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌ ده‌ستگیركراون و لێكۆڵینه‌وه‌ی وردیشمان له‌سه‌ر ڕوداوه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆ ده‌ستپێكردووه.

 

ش.م