حكومه‌تی عێراق چه‌ند به‌ڵێنێك به‌ پارێزگای سلێمانی ده‌دات

چوار شەممە, 25 نیسان 2018 12:49

 

دوای کۆبوونەوەکانی وەفدی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا، ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند: بەغدا رەزامەندی لەسەر چه‌ند داواكارییه‌كی پارێزگاكه‌ ده‌ربڕیووه‌.

كۆبوونەوەكانی وەفدی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی بەغدا تەواو بوو، پارێزگاری سلێمانیش رایدەگەیەنێت: بەغدا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر كردنەوەی مەرزی پشتە، كردنەوەی پاسپۆرتی ئیدارەی راپەڕین، خەرجكردنی موچەی چوار فەرمانگە ئیتیحادییەكەو لابردنی بازگەی سەفرەو چەند داواكارییەكی دیكە.

لەمیانی گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەشاری بەغدا، ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند: وەزارەتی ناوخۆی عیراق رەزامەندی دەربڕیووە، كە لەچەند رۆژی داهاتوودا مەرزی پشتە لەسنووری قەزای دەربەندیخان بكرێتەوە.


پارێزگاری سلێمانی وتیشی: داوامان لە وەزیری ناوخۆی عیراق كردووە، بازگەی (سەفرە) لاببرێت، ئەوانیش بەڵێنیانداوە، ئەگەر داخوازییەكانیان لەبارەی رێوشوێنە گومرگیەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە جێبەجێبكرێت، ئەوە ئەو بازگەیە لادەبرێت.


پارێزگاری سلێمانی ده‌ڵێت: وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڕیاریداوە بەكردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرتی هەڵەبجەو لەبارەی كردنەوەی ئەو فەرمانگەیەش لەسنووری ئیدارەی راپەڕین، وەزارەتەكە رەزامەندی دەربڕیوە كە لەو سنوورەش بكرێتەوە.


د.هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی: داوای پشتیوانی لۆجستی و تەكنیكیمان كردووە، بۆ لیوای پاسەوانی سنوور كەهاوكاریان بكرێت لەدابینكردنی كەرەستەی پێویست و ئۆتۆمبێل، رەزامەندیش دراوە كە لەدوای هەڵبژاردنەوە 500 كەس بۆ ئەو فەرماندەییە دادەمەزرێنن.


سه‌باره‌ت به‌ فەرمانگەكانی (پاسپۆرت، رەگەزنامە، نیشنگەو كارتی زانیاری)ی هەرێم كە موچەی پێنج مانگیان لای حكومەتی عیراقە، پارێزگاری سلێمانی ئاشكرایكرد، وەزارەتی ناوخۆی عیراق رەزامەندی دەربڕیوە كە لەداهاتوویەكی نزیكدا ئەو موچانەیان بۆ خەرج بكرێت.


له‌ كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌‌كه‌دا، هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، پرۆسه‌ی دابەشكردنی نەوتی سپی بەردەوام بێت و مەهدی هەلاق به‌ڵێنیداوه‌ به‌نزینی حكومی بۆ سلێمانی دابین بكات بەنرخی حكومی.

دەربارەی خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیارانیش، پارێزگاری سلێمانی وتی: ئەو داوكارییەمان لە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كردووەو بەڵێنی دیراسەكردنی پرسەكەیان داوە.


ناوبراو رایگه‌یاند: حكومەتی عیراق پێشوازی لەداواكاری هەردوو فەرمانگەی كارەبای بەنداوەكانی دەربەندیخان و دووكان كردووە، بۆئەوەی موچەكانیان بخرێتەسەر حكومەتی عیراق.

 

 

ش.م