سه‌باره‌ت به‌ پارەی هاندانی ته‌ندروستی روونكردنه‌وه‌ ده‌درێ

چوار شەممە, 25 نیسان 2018 13:19

 

سه‌باره‌ت به‌ خەرجكردنی پارەی هاندانی تەندروستی روونكردنه‌وه‌ دەدرێت و بەپرسێكی تەندروستی سلێمانیش ده‌ڵێت: وەزیری تەندروستی به‌ڵێنی داوه‌، پارەی هاندانی تەندروستی بەردەوام دەبێت و ته‌نها بۆ چەند مانگێكی دیاریكراو نییە.

عەبدوڵڵا ئەحمەد یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی رایگەیاند: لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێم دڵنیاییمان پێدراوە، كەپارەی هاندانی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی بەردەوام دەبێت و تەنها بۆ چەند مانگێكی دیاریكرا نییە.


ئه‌و به‌رپرسه‌ی ته‌ندروستی سلێمانی وتیشی: چەند جارێك وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم ئەوەی دووپاتكردۆتەوە كەپارەی هاندان درێژەی دەبێت و پەیوەندی بەوە نییە، ته‌نها بۆ چەند مانگێك بێت و دواتر رابگیرێت.


عەبدوڵڵا ئەحمەد ده‌ڵێت: هەرچەندە لەسەرەتادا بڕیاری خەرج كردنی دەرماڵەی هاندانی تەندروستی بەو شێوەیە بوو كە لەدوای خەرجكردنی موچەی هەموو مانگێك، ئەو دەرماڵەیەش بدرێت، بەڵام هەفتەی رابردوو پارەی هاندانی مانگی 5ی ساڵی 2017 دابەشكرا، بەوپێیە لەكۆی 13 موچەی وەزارەتی تەندروستی، تەنها پێنج هاندان بە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دراوە.

سه‌باره‌ت به‌ كاتی دابه‌شكردنی هاندانی نوێ، ناوبراو بۆ snn ئاشكرایكرد، تا لەلایەن گەنجینەكانەوە ئاگادارنەكرێینەوە لە گەیشتنی پارەی دەرماڵەی هاندان، هیچ لیستێكی نوێ بۆ ئەو دەرماڵەیە ئامادە ناكەین.

 

 

ش.م