لیستە كوردیەكان: 103 كورسی لە بەغدا دەهێنین

پێنج شەممە, 10 ئایار 2018 07:35

 


لەكاتێكدا لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە كورد تەنها 56 كورسی هەبوو، بەڵام بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی حەوت لیستە دیارەكەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و بەپێی پێشبینیان بۆ دەنگەكانیان، كۆی پێشبینیەكانیان دەكاتە 103 كورسی.


بە گوێرەی لێدوانی حاكم قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ ڕۆژنامەی ئاوێنە، ئەو ڕاپرسیانەی دەربارەی دەنگی لایەنەكان دەكرێت ڕاست نین، بەڵام ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین 20 بۆ 22 كورسی بەدەست بهێنین.


هەروەك ئیسماعیل نامیق ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، دەڵێت: لە كوردستان دەزگایەكی ڕاپرسی بێ لایەن نیە كە باوەڕ بە ئەنجامەكانی بكرێت و هەندێك لە ڕاپرسیەكان دەچنە خانەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، وتیشی:ئێمە مونافەسە لەسەر هێزی یەكەم دەكەین و بە بیروبۆچونی خۆمان لەسەر و 12 كورسی یەوە دەهێنین.


هەرچی كۆمەڵی ئیسلامیشە لە زاری زانا ڕۆستایی سەرۆكی لیستەكەیان لە هەولێر ڕایدەگەیەنێت: بڕوامان وایە دەنگەكانمان زیادی كردووە، چاوەڕێی ئەوەین لە سلێمانی سێ كورسی و لە هەولێر دوو كورسی و لە هەریەكە لە دهۆك و كەركوكیش دوو كورسی بهێنین كە سەرجەم دەكاتە حەوت كورسی.


نەوەی نوێ ش بە نیازی بەدەستهێنانی كورسی زۆرن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئارام سەعید كانددیی دیاری نەوەی نوێ لە سلێمانی دەڵێت: بڕوامان وایە بیست كورسی بەدەست بهێنین، لە سلێمانی هەشت كورسی و هەولێر پێنج كورسی و ئەوەی دیكەش لەسەرجەم شارەكانی عێراق دەبێت كە كانددیمان هەیە.


یەكگرتووی ئیسلامی لە زاری د.موسەنا ئەمین سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە بەغدا دەڵێت: پێشبینی بەدەستهێنانی شەش كورسی دەكەین بەجۆرێك دوو كورسی لە سلێمانی و دوو كورسی لە دهۆك، ئومێدیشمان وایە لە هەولێر و كەركوك دوو كورسی بهێنین.


پاتریش بە تەمای پشكی شێری كورسیەكانی كوردە لە بەغدا و عەتا شێخ حسین بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی لە سلێمانی دەڵێت: بە گوێرەی توێژینەوەی دەزگایەكی تایبەت 21 كورسی دەهێنێن ئەگەرچی خۆمان بە تەمای 28 كورسی پەرلەمانین.


د.موئمین زەڵمیش كاندیدی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی كە لەلایەن د.بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكرێت ڕایدەگەیەنێت پێبیشنی بەدەستهێنانی 12 بۆ 15 كورسی دەكەین.