عه‌مید سه‌رحه‌د قادر: پارتی‌ سێ‌ كاندیدی‌ له‌شاری‌ كه‌ركوك هه‌یه

پێنج شەممە, 10 ئایار 2018 09:33

بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك، عەمید سەرحەد قادر ئاشكرایدەكات كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری كەركوك سێ كاندیدی هەیەو داوای لەرێكخستنەكانی كردوە دەنگیان پێ بدەن. ئەوەش لەكاتێكدایه‌ كە پارتی بەڕەسمی بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی لەكەركوك كردوە.

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، بەڕێوەبەری پێشوی قەزاو ناحیەكانی كەركوك بەئاوێنەی راگەیاند “پارتی سێ كاندیدی لەسەر لیستی كۆتای مەسیحییەكان لەپارێزگای كەركوك هەن و هیچیان كورد نین”.

عەمید سەرحەد، ئەوەشی خستەڕو كە سێ كاندیدەكه‌ بریتین لە”رەیحان حه‌ننا ئه‌یوب، له لیستی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ میلـلی‌ كلدانی‌ سریانی‌ ئاشوری‌. ئوشانه‌ حوزه‌یران نیسان، لە لیستی‌ یه‌كێتی‌ به‌یت نه‌هره‌ینی‌ نیشتمانی. هوشیار قه‌رداغ یه‌ڵدا له‌سه‌ر لیستی‌ ئیئتیلافی‌ كلدان.”

بەپێی قسەی عەمید سەرحەد، پارتی داوای لەلق‌و ناوچەكانی كردوە كار بۆ سەرخستنی ئەو سێ كاندیدە بكەن لەكەركوك.
عەمید سەرحەد قادر، كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك بو، پاش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بەبڕیاری بەغدا لەپۆستەكەی دورخرایەوەو لەو كاتەوە لەسلێمانی دادەنیشێت.


عەمید سەرحەد قادر بەپێی قسەی خۆی لەم بانگەشانەی هەڵبژاردندا بەشداری هەڵمەتی پارتی نەكردوەو لەدوای ئەوەی لە بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوكیش نەماوە لەماڵەوە دانیشتوە.


بەبڕوای عەمید سەرحەد قادر ئەو كارەی پارتی كە سێ كاندیدی لەكەركوك هەن‌و هیچیان كورد نین بۆ “مێژوی ئەو حزبە “خراپە”.