محمدی حاجی مەحمود دەنگی بە لیستی سۆسیالیست نەداوە

چوار شەممە, 16 ئایار 2018 10:20



كوردیو – تایبەت


گاڵتەجاری و دزینی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوداوی سەیر و سەمەرەی لێ ئاشكرا دەبێت كە سەرجەمیان دەرخەری پرۆسەیەكی گەورەی ساختەكاریبوون و هیچ متمانەیەك بۆ ئەو ئەنجامانە ناهێڵنەوە كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە ڕاگەیەنراوە.


بە گوێرەی لێدوانی چەند چاودێرێكی سیاسی كە ڕۆژی هەڵبژاردن لە ناوەندی دەنگ دان بوون، محمدی حاجی مەحمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە گەڕەكی ڕزگاری لە شاری سلێمانی لەگەڵ كچەكەیدا لە بنكەیەك دەنگیداوە و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان حیزبی سۆسیالیست لەو بنكەیە ژمارەی دەنگەكانی سفر بووە، ئەمە جگە لەوەی كە پێشتر لیستی سۆسیالیست لەو بنكەیەدا لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا هەمیشە چەند سەد دەنگێكی هەبووە چونكە ماڵی خودی سكرتێری حیزب و چەندین و پاسەوان و ئەندامی ئەو حیزبە لەو گەڕەكە نیشتەجێن.


بەگوێرەی زانیاریەكانی كوردیو" محمدی حاجی مەحمود لە قوتابخانەی دواناوەندی ڕزگاری نمونەیی كچان لە وێستگەی شەش دەنگی داوە لەگەڵ كچەكەیدا، لە هەمان وێستگەی دەنگی سۆسیالیست سفر بووە".


جێگای ئاماژە بۆكردنە هاوشێوەی محمدی حاجی مەحمود چەندین كاندید و ئەندامی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و لیستەكانی دیكەی هەڵبژاردن جگە لە یەكێتی و پارتی لەو بنكانەی دەنگیان تێدا داوە دەنگی لیستەكانیان سفر بووە، كە ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ساختەكاری لە پرۆسەكەدا.


هەروەك محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبو بڵاویكردۆتەوە ،حزبەكەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەت دەكاتەوە بەهۆی ”كاری تەزویركردن و گۆڕینی دەنگەكان و یاری پێ كردنی“.

هەروەك سكرتێری حیزبی سۆسیالیست ئەو ئەنجامانە بە ”نادروست“ لە قەڵەم دەدات و دەڵێت  ”دزینی دەنگەكان“  ەکاتێکدا پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی پێ هات دەبوایە نیشانەی پاک و بێگەردی دەنگی دەنگدەرانیان نیشان بدایە ، بەڵام ئەوەی لە ئاکامەکانی ڕاگەیاندنی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە ڕاگەیەنراوە ، کۆی پرۆسەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و یاری کردنێکی سەیرو سەمەرە لە ئەنجامەکانی دەنگدەران لە کوردستان و عێراق و دەرەوەی کوردستان کراوە و بە قازانج و بەرژەوەندی ئەوانەی دەستیان تیاهەبووە و ئامێری دەنگدانەکەیان بەکاریان هێناوە . بۆیە ئێمە وێڕای ئەوەی متمانەی تەواو نەگۆڕمان بە جەماوەری بەشەرەفی کوردستان هەیە ئاواش کاندیدەکانمان جێگەی بڕواو متمانەی ئەو جەماوەرە بووە ، وە بە هەموو جورێک دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە ڕەت دەکەینەوەو بە هەڵبژاردنێکی نادروستی لەقەڵەم دەدەین و بەهەموو شێوەیەکیش بێ دەنگ نابین لە ئاستی دزینی دەنگی دەنگدەرانمان و هەموو هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ بۆ وەرگرتنەوەی دەنگی بەناحەق براوی دەنگدەرەکانمان و بەهیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ناکەین “.