هه‌ڕه‌شی كوشتن له‌ كۆمسیاران ده‌كرێت

چوار شەممە, 16 ئایار 2018 14:37

کۆمسیۆنی سەرۆبەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەڕەشەیان لێکراوە و لایەنێکی سیاسی لە شاری کەرکوک هەڕەشەی کوشتنی لە کارمەندەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووە.

ڕیاز بەدران سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردنەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، هەڕەشەیان لێکراوە و ژیانیان لە مەترسیدایە.

وتەبێژی کۆمسیۆن دەربارەی شاری کەرکوک ڕوونیکردەوە، ژمارەیەک لە کارمەندانەکانیان لە شاری کەرکوک وەک بارممەتە دەستبەسەرکراون.

بەدران ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت کۆمسیۆن بچێتە ژێر کاریگەریی ململانێی سیاسییەوە و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم ئەنجامەکان بڵاودەکەنەوە.

ڕوونیشکردەوە بە پێی یاسا دەنگەکان بە دەست هەژمار ناکرێ و ئەنجامە ئەلکترۆنییەکان هەمان ئەنجامەکانی ناو سندوقەکانە .

سەعید کاکەیی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆمسیۆنی داوای لایەنە ناڕازییەکانی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە شێوازی دەستی ڕەتکردووەتەوە.

سەعید کاکەیی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویست بوو کۆمسیۆن وێنەی پەڕاوی دەنگدانی ئەلکترۆنی بە لایەنەکان بدایە بەڵام نەیکردووە.

ئەو وتانەی سەعید کاکەیی لە کاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لایەنێکی سیاسی هەڕەشەی کوشتنی لە سەعید کاکەیی ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و خێزانەکەی کردووە.

کۆمسیۆنى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بە ئەوە کرد،  لایەنێکى سیاسی سەعید کاکەیی ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچارکردووە دەستلەکاربکێشێتەوە و لە ڕاگەیاندنەکانیشەوە دەرنەکەوێت.

دوای ئەو ڕاگەیەندراوەی کۆمسیۆن دەربارەی هەڕەشەکردن لە سەعید کاکەیی، ئەو ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق  ڕایگەیاندووە، "ئەو ڕاگەیەندراوەی کۆمسیۆن بڵاویکردووەتەوە سەرلەبەری  پڕۆپاگەندە و درۆیە  و دوورە لە ڕاستی".

ئەوەش لە کاتێکدایە دوای ئاشکراکردنی لە ٩١%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، شەش لایەنی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و حزبی شیوعی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕەتدەکەوە و ئاماژە بەوە دەکەن ساختەکاری لە دەنگەکانیاندا کراوە.


f.q