واده‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی دوو وه‌زاره‌ت راده‌گه‌یه‌نرێت

پێنج شەممە, 17 ئایار 2018 07:17

تا ئێستا مووچەی مانگی دووی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ دابەشنەكراوە، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگەش رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو مووچەی پێشمەرگە دابەشدەكرێت.

شیلان جەعفەر بەخەندان-ی راگەیاند، "بەپێی بەدواداچوونەكانمان، پارەكەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سبەی یان دووسبەی دەگاتە هەرێمی كوردستان و لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگەی پێدابەشدەكرێت".

پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڵاویكردبووەوە، دوای 12ی مانگ و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لیستێكی نوێی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە.

هاوكات جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بەخەندان-ی راگەیاند، تا ئێستا پارەكەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا نەگەیشتووەتە هەرێمی كوردستان، هەركاتێك وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەی راگەیاند مووچەی پێشمەرگەش دابەشدەكرێت.

جەبار یاوەر باسی لەوەشكرد، ئەگەری زۆرە هەفتەی داهاتوو مووچەی پێشمەرگە دابەشبكرێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمساڵدا تەنها مووچەی مانگی 1ی بە تەواوەتی دابەشكردووە، بەشێك لە فەرمانگەكانیش مووچەی مانگیان 2 یان پێدراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، بە دووجار زیاتر لە 634 ملیار دینار لە بەغداوە رەوانەی هەرێم كراوە.

 

 

 

 

xendan