وادەی گەیشتی پارەكەی بەغدا راگەیه‌ندرا، دارایی موچەی مانگی 3 دابەشدەكات

یەک شەممە, 20 ئایار 2018 10:18

 

 بڕیارە رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ پارەكەی بەغدا بۆ موچەی فەرمانبەران كە بڕەكەی 317 ملیار دینارە، بگاتە هەرێم، هاوكات واده‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 3 له‌لایه‌ن وەزارەتی داراییه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كرێت.


ماڵپه‌ڕی snn  له‌ هه‌واڵێكدا بڵاویكردۆته‌وه‌، بەگوێرەی ئەو زانیاریانه‌ی لەسەرچاوەیەكی لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق دەستیكەوتووە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی عیراقەوە بڕی 317 ملیار دینار خراوەتەسەر حسابی هەرێم و رەوانەی بانكی ناوەندی عیراق كراوە.


هەر لەزانیارییەكاندا هاتووە، تائێستا پارەكەی بەغدا نەگەیشتۆتە هەرێم و رۆژی یەكشەممە رەوانە دەكرێت"، هاوكات وەزارەتی دارایی ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی موچەی مانگی 3 دابەشبكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەنیازە لەڕۆژی (6 بۆ 7)ی مانگی داهاتوو دەستبەدابەشكردنی موچەی مانگی 3 بكات".


لەوبارەشه‌وه‌ شێركۆ سەعید، بەڕێوەبەری ژمێریاری لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی به‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی راگەیاندوه‌، هەرچەندە لەلایەن گەنجینەكانەوە داوامان لێنەكراوە، بەڵام سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستی موچەی مانگی (3)ی فەرمانبەرانین و هەوڵدەدەین لەماوەی ئەم هەفتەیەدا تەواوی بكەین، پاشان رەوانەی گەنجینە دەكرێت.