پۆلیسی هەڵەبجە لەسەر ئەو كارمەندەی تەرازوی دەستگێرێكی برد، هاتە دەنگ

پێنج شەممە, 24 ئایار 2018 09:39

 

وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە داوا دەكات ئەو هێرشەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا دەكرێتە سەر كارمەندێكیان ڕابگرێت و ئاماژە بەوەش دەكات: دەستگێڕو عەرەبانەكان دەبێت كاتژمێر 6:30ی ئێوارە بچنە ناو بازاڕ و بەپێچەوانەوە نایاساییە.

 

لەدوای ئەوەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەی كارمەندێكی پۆلیسی هەڵەبجە بڵاوكرایەوە كە تەرازوی دەستگێرێكی عارەبانەكان دەبات، لەو بارەیەوە بەرزان عوسمان وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: دەستگێڕو عەرەبانەكان دەبێت كاتژمێر 6:30ی ئێوارە بچنە ناو بازاڕەوە، بەڵام ئەو گەنجەی عەرەبانەیەكی پێیە و وێنەكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبۆتەوە، كاتژمێرێك و 15 خولەك پێش ئەوكاتە چۆتە ناو بازاڕو پۆلیس ئەركی خۆی بەرانبەری جێبەجێكردوە بەبێ ئەوەی هیچ سوكایەتیەك بەو گەنجە بكات.

 

هەورەها ئاماژەی بەوەش كرد: بڕیاری وەرگرتنی تەرازو لە عەرەبانەكان نوێ نییە و چەندین ساڵە ئەو عەرەبانانەی سەرپێچی دەكەن، لێیان وەردەگیرێت بۆیە پێویستە ئەو هێرشانەی لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەكرێتەسەر پۆلیسی هەڵەبجە بوەستێنرێت، چونكە سوكایەتی بەو كارمەندەیان زۆر كراوە، كە تەرازوەكە لە خاوەن عەرەبانەكە دەسەنێت.

 

 

 

 

 

س ب