سكرتێری پەرلەمانی كوردستان: كۆبونەوەی پەرلەمان بۆئەنجامی هەڵبژاردنەكەی عێراق هیچ كاریگەرییەكی نابێت

پێنج شەممە, 24 ئایار 2018 10:19

 

سكرتێری پەرلەمانی كوردستانی ڕایدەگەیەنێت كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەم كاتەدا لەسەر داوای فڕاكسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەكان لەبارەی گلەییەكانیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان و بڕیارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق نابێت.


بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا سەبارەت بە بۆچونی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەسەر گلەیی چەند لایەن و فڕاكسیۆنێك لەدەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاندوە"ئەم هەڵبژاردنەی كرا هی پەرلەمانی عیراق بوو وە ئەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكانی كرد كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بوو دوور و نزیك پەیوەندییان بە پەرلەمانی كوردستانەوە نیە هیچ كاریگەرییەكمان نیە لەسەر بڕیار و ئەو یاسایانەی كۆمسیۆنی باڵای عیراق هەیەتی."


سكرتێری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەداوە "ئەگەر دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانیش بكرێت لەسەر داوای ئەو یاداشتەی فڕاكسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەكان داوایانكردووە ئەوا دانیشتنێك دەبێت بریتی دەبێت لە گفتوگۆی ناو پەرلەمان یاخود ڕەنگە پشێویەك دروست بكات یان قسەكردن بەرامبەر بەیەكتر هیچ كاریگەرییەكی نابێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئەو بڕیارانەی كۆمسیۆن دەیدا ئاڵوگۆڕێك دروست ناكات ،لەبەر ئەوە باشترە ئەو لایەنانەی گللەییان هەیە بەپێی ئەو ڕێكارە یاساییانەی كۆمسیۆن دیاریكردووە سكاڵا تۆماربكەن و چاوەڕێی ئەنجامەكان بن بەپێی ئەو یاسا بەركارانەی لە عیراقدا كاریان پێدەكرێت، وە ئەو فڕاكسیۆنانەی یاداشتەكەیان پێشكەش كردووە نوێنەریان هەیە لەبەغداد و لەناو پەرلەمانی عیراق دەتوانن لەڕێگەی ئەوانەوە سكاڵا تۆماربكەن بەپێی ئەو یاسایانەی كۆمسیۆن كاری پێدەكات، یاساكانیش پەرلەمانی عیراق پەسەندی كردوون نەك پەرلەمانی كوردستان."

لەبارەی هەوڵی پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكخستنی لیست و لایەنە كوردییەكان لەبەغداد، بێگەرد تاڵەبانی ڕایگەیاندوە" لەسەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێی ئەوە كراوە كە بەم نزیكانە سەرجەم كاندیدە كوردییە دەرچووەكانی پەرلەمانی عیراق بانگ بكرێن تا وەك تیمێكی یەكگرتوو لەبەغداد كاربكەن بەڵام ئەوەی گرنگە بڵێم ئەوەیە وەك پەرلەمانی كوردستان یەك گوتاری كورد گرنگە هەڕچەندە بەداخەوە دەبینین لەدوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان ڕۆڵی نێوانی حیزبەكان چۆنە ، هەرچەندە دەزانین كە هەڵوێستی كاندیدە دەرچووەكان هەڵوێستی حیزبە سیاسیەكانیانە بۆیە ڕەنگە بۆ ئێمە ئاسان نەبێت كەبتوانین لەناو پەرلەمانی كوردستان هەمویان كۆبكەنیەوە تا یەكگرتووەیەكیان تێدا دروست بكەین."

سەبارەت بە داواكاری كورد بۆ یەكێك لە پۆستە باڵاكانی عیراق،وەك پەرلەمانی كوردستان پێتان باشە كورد داوای كام پۆستە بكات؟ سكرتێری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان وتی" ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە كورد بەشداری ڕاستەقینەی هەبێت لەناو حكومەت و دامەزراوەكان بەڵام پێدانی هەر پۆستێك ئەوە دەكەوێتە سەر دەرئەنجامی گفتوگۆكان، بێگومان ئێمەش وەك سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان سەرنج و تێبی خۆمان دەدەینە وەفدە كوردییەكان بەڵام دووبارە ئەوەش دەكەوێتەوە سەر ئەنجامی گفتوگۆی نێوان لایەنەكان."


أ.س