به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر : كێشه‌ى كه‌م ئاوى شارى هه‌ولێر په‌یوه‌ندى به‌ به‌فێڕۆدانى ئاو له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هاووڵاتییانی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌

چوار شەممە, 13 حوزەیران 2018 14:39

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ئاوى هه‌ولێر، هۆكاره‌كانى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاو له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكى شاره‌كه‌ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ جه‌ژن و به‌فیرۆدانى ئاو له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هاووڵاتییانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كات هیچ پلانێكی خێرایان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌ نییه‌.

 

ئارى ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى هه‌ولێر،  رایگه‌یاند: ”سه‌ڕهه‌ڵدانى كێشه‌ى كه‌م ئاوى له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكى شارى هه‌ولێر په‌یوه‌ندى به‌ به‌فێڕۆدانى بڕێكى زۆرى ئاو له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هاووڵاتییانی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌“.

 

 

به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى هه‌ولێر، بۆ باس ئەوەشی خستە روو، کە هاووڵاتییان هیچ سانسۆرێكیان له‌سه‌ر نییه‌ و ئه‌و ماڵانه‌ى له‌ سه‌رچاوه‌ى دابه‌شكردنى ئاوه‌كه‌وه‌ نزیكن، بڕێكى زۆر ئاو به‌كار ده‌هێنن كه‌ ده‌بێته‌ هۆى بێبه‌شبوونى هاووڵاتییانى دیكه‌ى گه‌ڕه‌كه‌كه‌.

 

له‌باره‌ى گرفتى كه‌م ئاوى گەڕه‌كى فه‌رمانبه‌رانى هه‌ولێر، كه‌ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ به‌شێك له‌ هاووڵاتییان ئاو ده‌كڕن، ئاشکرای کرد، كه‌ سه‌ردانى ئه‌و شوێنه‌یان كردووه‌ هیچ گرفتێكى ته‌كنیكى نه‌بووه‌، جگه‌ له‌ كاره‌باى نیشتمانى، رۆژانه‌ نزیكه‌ى شه‌ش كاتژمێر كاره‌باى موه‌لیده‌ بۆ بیرى ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ به‌كار ده‌هێنرێت.

 

به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى هه‌ولێر، باسی له‌وه‌ش کرد كه‌ له‌ شارى هه‌ولێر نزیكه‌ى 300 بیر له‌سه‌ر كاره‌باى ماڵانن، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكیان مۆلیده‌ى تایبه‌تیان بۆ دابینكراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى زیاده‌ڕۆیی له‌ به‌كارهێنان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ دانیشتوانه‌وه‌، كێشه‌ى كه‌م ئاوى درست بووه‌، گوتیشی: ”‌‌‌‌‌‌‌‌ئه‌م كێشه‌یه‌ دواى جه‌ژن ته‌واو ده‌بێت، هیچ چاره‌سه‌رێكى خێراش بۆ نه‌هێشتنى كێشه‌ى كه‌م ئاوى له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا نییه‌".


f.q