بانكی نێوده‌وڵه‌تی بڕیارێك له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمەوە ده‌دات

شەممە, 16 حوزەیران 2018 04:28

 


حكومه‌تی هه‌رێم به‌نیازه‌ بۆ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ژماره‌یه‌كی حسابی بكاته‌وه‌، راوێژكارێكی وه‌زاره‌تی داراییش رایده‌گه‌یه‌نێت: بانكی نێوده‌وڵه‌تی، دروستكردنی كارتی تایبه‌تی‌ ره‌تكردووەته‌وه‌و پێویسته‌ ڤیزا كارت یان ماسته‌ر كارت بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دروست بكرێت.

به‌پێی پڕۆژه‌ی چاكسازیی له ‌مووچه‌و ده‌رماڵه‌و خانه‌نشینی، كه‌ له ‌په‌رله‌مانی كوردستانه‌و چاوه‌ڕوانده‌كرێت به‌م نزیكانه‌ په‌سه‌ند بكرێت، هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك ژماره‌یه‌كی حسابی بۆ ده‌كرێته‌وه‌.

 

هۆشه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان، راوێژكاری ته‌كنیكی بۆ ته‌كنۆلۆژیای بانكه‌كان له ‌وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم، لەوبارەیەوە رايگه‌یاندووە: هه‌ركاتێك بایۆمه‌تری لیستێكی پوختی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی راده‌ستكردین، له‌به‌رنامه‌ماندایه‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵكو بۆ هاووڵاتیانیش ژماره‌ی حسابی بكه‌ینه‌وه‌و هه‌موو ئامێرو پێداویستییه‌كیش ئاماده‌كراوه‌.

 

دەشڵێت: "بانكی نێوده‌وڵه‌تی ره‌تیكردۆته‌وه‌ كارتێكی تایبه‌ت بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دروست بكرێت، به‌ڵكو پێویسته‌ كارته‌كه‌ نێوده‌وڵه‌تی بێت، ئه‌ویش ڤیزا كارت، یان ماسته‌ر كارت بێت، كه‌ له‌قۆناغی دووه‌مداو به‌هه‌ماهه‌نگی بایۆمه‌تری دروست ده‌كرێت".

 

راوێژكاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی روونیشیکردووەتەوە: "سیستمی ئه‌لەكترۆنی بانكه‌كان ئاماده‌یه‌و مه‌رج نییه‌ چاوه‌ڕێ بكه‌ین تا سه‌رجه‌م بانكه‌كان ده‌چنه‌ ناو سیستمه‌كه‌وه‌، هه‌ركاتێك حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی دارایی فه‌رمان بكه‌ن به‌وه‌ی كه‌ ژماره‌ حسابی بۆ فه‌رمانبه‌ران بكه‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ ئاماده‌ین".

 

راشیگه‌یاند: تائێستا هیچ بڕیارێك نییه‌ له‌به‌رامبه‌ر دروستكردنی ئه‌و كارته‌، پاره‌ له ‌فه‌رمانبه‌ران وه‌ربگیرێت، دوای دروستكردنی كارته‌كه‌ش، مانگانه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌چێته‌ سه‌ر حسابه‌كه‌، ئه‌وكاته‌ له‌هه‌ر بانكێكی كوردستان كه‌ له‌سه‌ر سیستمه‌كه‌ بێت، فه‌رمانبه‌ران ده‌توانن مووچه‌كانیان وه‌ربگرن.