"عه‌لی به‌شار بكوژی راسته‌قینه‌ی كچه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ نییه‌"

یەک شەممە, 17 حوزەیران 2018 06:05

عه‌لی به‌شار، كه‌ به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك له‌ شاری زاخۆ به‌ تۆمه‌تی كوشتنی كچێكی ئه‌ڵمانی به‌ناوی سۆزانا ده‌ستگیركرا و راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا كرایه‌وه‌، دایكی ئه‌و تۆمه‌تباره‌ ده‌ڵێت: "كوڕه‌كه‌م بكوژ نییه‌، به‌ڵكو هاوڕێ توركه‌كه‌ی كوڕم كه‌ ناوی نازانم بكوژی راسته‌قینه‌ی ئه‌و كچه‌یه‌ و دوای ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌، به‌ره‌و توركیا رایكردووه‌".

دایكی عه‌لی به‌شار له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی عه‌ره‌بی پۆست ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، "عه‌لی و سۆزانا و ئه‌و گه‌نجه‌ توركه ته‌مه‌ن 35 ساڵییه‌ ‌كه‌ كه‌ ناوی نازانم، هاوڕێی یه‌كتر بوون و چه‌ندین جار له‌ شاری فیسبادنی ئه‌ڵمانیا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌"، هه‌وره‌ها گوتی: "دان به‌و راستییه‌دا ده‌نێم كه‌ عه‌لی هه‌ڵه‌ی كردووه‌، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و بكوژ نییه‌، پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا په‌نابه‌ره‌ توركه‌كه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، ئه‌وكات راستییه‌كان ئاشكرا ده‌بن".

دایكی عه‌لی به‌شار ده‌شڵێت، "سه‌ره‌تا پۆلیسی ئه‌ڵمانیا به‌ تۆمه‌تی تێوه‌گلانی له‌و تاوانه‌دا، ئه‌و په‌نابه‌ره‌ توركه‌ی ده‌ستگیر كرد، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی په‌نابه‌ره‌ توركه‌كه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا هیچی نه‌دركاند، دووباره‌ ئازاد كرایه‌وه‌".

هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌، "نه‌خۆشی هاوسه‌ره‌كه‌م وایكرد بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كوردستان بده‌م، هیچ له‌باره‌ی تاوانه‌كه‌وه‌ نازانم، ئه‌وه‌ی له‌ میدیاكانه‌وه‌ باسی لێوه‌ ده‌كرێت، گوایا به‌هۆی تاوانی كوڕه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ زاخۆ، له‌ڕاستییه‌وه‌ دووره‌ و سه‌رله‌به‌ری هه‌واڵه‌كه‌ ناته‌ندرووسته‌".

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، دوای به‌دواداچوون بۆ ته‌مه‌نی عه‌لی به‌شار له‌ كونسۆڵخانه‌ی عێراق له‌ ئه‌ڵمانیا، ئاشكرا بووه‌ كه‌ ته‌مه‌نی 21 ساڵه‌ نه‌ك 20 ساڵ وه‌ك پێشتر ئاماژه‌ی پێكرابوو، ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی یاسای ئه‌ڵمانیا سزاكه‌ی قورستر ده‌كات، چونكه‌ تا ته‌مه‌نی 20 ساڵی هێشتا به‌ گه‌نج ناوده‌برێن، به‌ڵام له‌ 21 ساڵییه‌وه‌ وه‌ك كه‌سێكی پێگه‌یشتوو له‌ ڕووی ژیرییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و له‌ دادگاش سزاكانی نێوان ئه‌و 2 ته‌مه‌نه‌ جیاوازن.

عه‌لی به‌شار كه‌ به‌ كوشتنی كچێكی ته‌مه‌ن 14 ساڵی ئه‌ڵمانی تۆمه‌تباره‌ و دوای كوژرانی ئه‌و كچه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شاری زاخۆ، له‌ 8ی ئه‌م مانگه‌ هێزێكی پۆلیسی ئه‌ڵمانی گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوبراو له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ستگیركرا و راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا كرایه‌وه‌.