پاشەكەوت نامێنێت و موچە كەمدەكرێتەوە

دوو شەممە, 18 حوزەیران 2018 08:08

 

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا پەرلەمانی كوردستان كۆبێتەوە لەسەر یەكلایكردنەوەی پرسی پرۆژەیاسای چاكسازی موچە لە ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌شێك له‌وردەكارییەكەی ئاشكرا دەكرێت.

ماڵپه‌ڕی خه‌ڵك له‌ زاری سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بڵاویكردۆته‌وه‌، "كە پەرلەمان و حكومەت لەسەر موچە و دەرماڵە رێكنەكەوتوون و لەوانەیە هەفتەی داهاتوو كۆبونەوە بكرێت و رێكەوتن بكرێت".


سەرچاوەكە كە نەیوستووه‌ ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە، ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، حكومەت دەیەوێت پەرلەمان دەستكاری دەرماڵەكان بكات، وەك پرۆژەكەی پێشوو، بەڵام پەرلەمان رەتیكردۆتەوە و پێیوایە، كە حكومەت بەبڕیار دەرماڵەی زیاد كردووە، پێویست دەكات بە بڕیارێكیش هەڵیوەشێنێتەوە.


وتیشی: حكومەتی هەرێم رازی نابێت دەستكاری دەرماڵە نەكرێت، چونكە ناتوانێت موچەی بەبێ‌ پاشەكەوت بدات بەو داهاتی ئێستا، بۆیە بۆ دابینكردنی موچە، پێویستە دەرماڵە كەمبكرێتەوە، بۆ ئەوەی حكومەت لەكاتی خۆیدا موچە دابەش بكات، ئەگەر پارەكەی بەغداد لەكاتی خۆیدا بنێردرێت.


لە كۆتایی ساڵی رابردوودا، حكومەتی هەرێم پرۆژەی چاكسازی موچەی رەوانەی پەرلەمان كرد و لە مانگی كانوونی دووەمدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا و پاشان لە مانگی ئاداردا پەسەند كرا، بەڵام بەهۆی دابینكردنی چوار ملیۆن دینار بۆ خانەنشینی پەرلەمانتاران، كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە و جارێكی تر رەوانەی پەرلەمان كرایەوە.