له‌ هه‌رێم ده‌ست به‌پێدانی‌ پێشینه‌كانی‌ هاوسه‌رگیریی و خانوبه‌ره‌ ده‌كرێته‌وه‌

دوو شەممە, 18 حوزەیران 2018 08:13

زانیاری نوێ له‌باره‌ی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ پێشینه‌كان بۆ هاوڵاتیان و موچه‌خۆرانی هه‌رێم ئاشكراده‌كرێت و په‌رله‌مانتاریكیش جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "به‌دوو قۆناغ بابه‌تی‌ پێشینه‌كان بۆ هاوڵاتیان و موچه‌خۆران یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌".

ته‌لار له‌تیف ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتیی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕایگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر یاسای‌ چاكسازیی و خانه‌نشینی‌ له‌په‌رله‌مان یه‌كلابكرێته‌وه‌، له‌ڕێگه‌ی ئه‌و یاسایه‌وه‌ ده‌توانرێت حساب بانكی‌ بۆ موچه‌خۆران دروستبكرێت و له‌موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانیان قه‌رزه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ لێبدرێته‌وه‌".


وتیشی‌:"ئه‌وكه‌سانه‌شی‌ پێشتر وه‌ك هاوڵاتی پێشینه‌كانیان وه‌رگرتوه‌ له‌ئێستادا گرفتی‌ كه‌فیله‌كانیان هه‌یه‌، چاوه‌ڕوانده‌كرێت قۆناغی‌ یه‌كه‌م سه‌باره‌ت به‌پێشینه‌كان ده‌ستپێبكات كه‌ بریتیه‌ له‌دانه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌كانی‌ حكومه‌ت له‌موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان و بۆ ئه‌وه‌ بڕیاره‌ ژماره‌ حسابی بۆ فه‌رمانبه‌ران دروستبكرێت و حكومه‌ت به‌رچاوڕونی‌ زیاتری له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌بێت".


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ یه‌كێتیی ڕونیشیكرده‌وه‌، "دوای‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ یاسای چاكسازیی و خانه‌نشینی‌ له‌په‌رله‌مان، دانه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌كانی‌ حكومه‌ت له‌موچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان، چاوه‌ڕوانده‌كرێت ده‌ست به‌پێدانی‌ پێشینه‌كانی‌ هاوسه‌رگیریی و خانوبه‌ره‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ڕۆڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌بێت له‌بوژانه‌وه‌ی‌ بازاڕدا".


ئه‌وه‌شی‌ وت:"داهاتی‌ حكومه‌ت زیادیكردوه‌و ده‌توانێت پێدانی‌ پێشینه‌كان ده‌ستپێبكاته‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش داوامان له‌لیژنه‌ی‌ دارایی په‌رله‌مان كردوه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم گفتوگۆبكات سه‌باره‌ت به‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ پێشینه‌كان، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌ته‌وه‌".