شێركۆ جەودەت: دوای هەڵبژاردنەكان پەرلەمان هەمواری پڕۆژەی یاسای چاكسازی لە مووچە ناكات

دوو شەممە, 18 حوزەیران 2018 12:46

كوردیوـ سلێمانی

شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی هەبوونی ژمارەیەكی زۆر مووچەخۆری بن دیوار لە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار سەرۆكایەتی پەرلەمان هەتا دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان هەمواری پرۆژەی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە جێبەجێ ناكات.


شێركۆ جەودەت ، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكگرتوو بە كوردیوی راگەیاند"بەهۆی ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە دەستی حزبدایە و ئەوانیش ڕێگری دەكەن لە هەمواركردنەوەی پرۆژە یاساكە چونكە ژمارەیەكی زۆر مووچەخۆری پارتی و یەكێتی مووچەی نایاسایی وەردەگرن و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش نایەوێت پرۆژە یاسای چاكسازی خانەنشینی و دەرماڵەكان دانیشتنی لەسەر بكرێت"

 

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەشدا" تا ئێستا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هیچ وادەیەكی دیارینەكردووە بۆ دانیشتنی پەرلەمان سەبارەت بە پڕۆژە یاساكە و لە ئێستاشدا پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە لە بەرژەوەندی حكومەتدا نیە چونكە وەكو خۆی جێبەجێنەكراوە وئەوەش وایكردوە كە پەرلەمان پڕۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی تر لە هەرێمی كوردستان – عێراق جێبەجێ نەكات هەتا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان."


أ.س