دابەشكردنی موچەی مانگی 4 دەستپێدەكات

پێنج شەممە, 21 حوزەیران 2018 09:05

ئامادەكاریی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 4 دەستیپێكردو بەگوێرەی زانیاریەكانیش، لەسەرەتای مانگی داهاتوو دەست بەدابەشكردنی موچەی پێشمەرگە دەكرێت، لەئێستاشدا وەزارەتەكان ڕاسپێردراون تا بەزووترین كات لیستی موچە ئامادە بكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكان وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ، ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی 4ی ئەمساڵ دەستپێكردووەو لەو چوارچێوەیەشدا، داوا لەوەزارەتەكان كراوە لیستی موچەی فەرمانبەرەكانیان ئامادە بكەن .

هەر بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی وەزارەتی دارایی، لەئێستادا دەست بەكۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆ كراوەو چاوەڕوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش دەكرێت، تا داهاتی فرۆشتنی نەوت ڕەوانەی دارایی بكات، دواتریش لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری ئەنجومەنی وەزیران، بڕیار لەسەر دابەشكردنی موچەی مانگی 4 دەدرێت.

لەزانیارییەكاندا ئاماژە بەوەشكراوە، پلانی حكومەت بەو ئاڕاستەیەدا دەبێت، دواكەوتنی موچە نەمێنێت و هەوڵیش بدرێت تاكۆتایی ساڵ هەر 12 مانگەكە رێك بكرێتەوە ، واتە مانگ بۆ 25 رۆژ كەمبكرێتەوە بەجۆرێك لە كۆتایی ساڵدا فەرمانبەر كۆی موچەكانی ساڵەكەی وەرگرتبێت .