كاتی راگه‌یاندنی خشته‌ی دووه‌می مووچه‌ ئاشكرا كرا

شەممە, 07 تەمموز 2018 08:27

بڕیاروایه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ یان سه‌ره‌تایی هه‌فته‌ی ئاینده‌ حكومه‌تی ئیتیحادی زیاتر 317ملیار دیناری عێراقی بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌زاره‌تی دارایی خشته‌یه‌كی نووێ مووچه‌ ئاشكرا ده‌كات.


وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری له‌ به‌رواری  (3/7/2018) رایگه‌یاند : له‌سه‌ره‌تای راگه‌یاندنی سیسته‌می نوێی دابه‌شكردنی مووچه‌ ئه‌وه‌ راگه‌یاندرا كه‌ بنه‌مایی ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌ سه‌ر دوو بڕه‌ پاره‌یه‌، ئه‌وانیش (378) ملیار دیناری داهاتی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ (317 )ملیار دیناره‌یه‌ كه‌ به‌غداد ده‌ینێرێت، بۆیه‌ مانگانه‌ مووچه‌ له‌كاتی خۆی دابه‌شده‌كرێت به‌ دوو لیست، له‌ لیستی دووه‌م له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بڕه‌ پاره‌كه‌ی به‌غدا یه‌كه‌م وه‌زاره‌ت، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌بێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ وه‌زاره‌تی دارایی به‌ كوردیوی راگه‌یاند كه‌ كاتی گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا دیار نییه‌ ، به‌ڵام له‌ چه‌ند مانگی پێشوتر له‌ نێوان (10 مانگ بۆ 15 مانگ) پاره‌كه‌یان ره‌وانه‌ كردوه‌، بۆیه‌ یان له‌ كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ یان له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی ئاینده‌ وه‌زاره‌تی دارایی خشته‌یه‌كی نووێ مووچه‌ ئاشكرا ده‌كات.

هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ نزیكه‌ی 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌نێرێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ بازاره‌كانی جیهان ، ته‌نها باس له‌و ده‌كرێت كه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان بڕی 378 ملیار دینار ده‌داته‌ وه‌زاره‌تی دارایی، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و (300000) هه‌زار به‌رمیله‌ نه‌وته‌ به‌ (60) دۆلار فرۆشرابێت ئه‌وا ده‌بێت وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان بڕی (648) ملیار دینار بداته‌ وه‌زاره‌تی دارایی.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، له‌ مانگی (ئایار/ مایۆ)ی رابردوودا، عێراق هه‌نارده‌ی كه‌متر بووه و رۆژانه ته‌نیا‌‌ 3 ملیۆن و 490 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاوی هه‌نارده‌ كردووه‌ ، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، عاسم جیهاد، رایگه‌یاند، نرخی به‌رمیلێك نه‌وت 69 دۆلار و 32 سه‌نت بووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ 7.3 ملیار دۆلار داهاتی نه‌وت بووه‌.