حكومەتی عێراق: لە كۆتایی مانگدا بڕی 317 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرین

چوار شەممە, 11 تەمموز 2018 12:01

وتەبێژی حكومەتی عێراق، رایدەگەیەنێت كۆتایی مانگ بڕی 317 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرین، پێشخستن و دواخستن بۆ چەند رۆژێك پەیوەندی بەهەبوونی پارەی نەختینەوە هەیە.


سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لەم چاوپێكەوتنێكیدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە لە رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاو كراوەتەوە رایگەیاندوە "حكومەتی ئیتیحادی پابەندە بەناردنی ئەو بڕە پارەیەی كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێككەوتنی لەسەر كراوە كە 317ملیار 540 ملیۆن دیناری عێراقییە مانگانە، ئەمەش لە مانگی ئادارەوە بەشێوەیەكی رێكوپێك روودەدات و حكومەتیش بەردەوامەو پابەندە پێوەی"


وتەبێژی حكومەتی عێراق ،ئاماژەی بەوەشداوە " پارەكەش لەدوایین رۆژەكانی مانگ دەنێردرێت، لە وەزارەتە ئیتیحادییەكانیش بەهەمانشێوەیە، مووچە لەكۆتا رۆژەكانی مانگ خەرجدەكرێت و پێشخستن و دواخستن بۆ چەند رۆژێك پەیوەندی بەهەبوونی پارەی نەختینەوە هەیە، بەڵام بەگشتی پارەكە لەنێو مانگەكەدا دەدرێت، "


سەعد حەدیسی، جەختی لەوەش كردوەتەوە" مووچەی فەرمانبەران هەرێم دەبێت بەتەواوەتی بدرێت هاوشێوەی فەرمانبەرانی حكومەتی ئیتیحادی بەپێی یاسای خزمەتی وەزیفی لە داهاتی ئەو نەوتەی لەكێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دەفرۆشرێت بەبێ پاشەكەوت".

 

أ.س