ئەبوبەكر هەڵەدنی: پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادەیە و ڕێككەوتنی ستراتیژی یەكێتی و پارتی هێناویەتە كایەوە

چوار شەممە, 11 تەمموز 2018 12:38

ئەمرۆ رۆژی چوارشەممە 11/7/2018 دوای پەسەندكردنی پرۆژەیاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم فراكسیۆنی یەكگرتوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی فەرمی خۆی لە بارەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا پرۆژەیاساكە كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ داهاتوو دوا دەخات چارەسەری پێ نییە و فراكسیۆنی یەكگرتوو دژیەتی .


بەهزاد زێباری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەكۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەدا وتی" لە ئێستادا دوو پرۆژە یاسا لە پەرلەمانی كوردستانە كە یەكێكیان لە لایەن فراكسیۆنی گۆڕان و ئەوەی دیكە لە لایەن فراكسیۆنی پارتی ئامادەكراوە، بەڵام بە بۆچوونی فراكسیۆنی یەكگرتوو هەردوو پڕۆژەكە خزمەت بە كوردستان ناكات و بەڵكو هەردووكیان كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ داهاتوو دوا دەخات چارەسەری پێ نییە و فراكسیۆنی یەكگرتوو دژیەتی"


سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ،راشیگەیاند" فراكسیۆنی یەكگرتوو پێی وایە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵوەشێتەوە و نەمێنێت باشترە و لە داهاتووشدا پرۆژە یاسا بۆ ئەو بابەتە پێشكەش دەكەن."


لەلای خۆشیەوە ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەكگرتووش وتی" ئەو پۆستە زیادەیە و زەرورەتی مێژوویی نەیخولقاندووە و دوو ئیدارەیی و لێكەوتەكانی شەری ناوخۆ و ڕێككەوتنی ستراتیژی یەكێتی و پارتی بۆ دابەشكردنی پۆست و پارە هێناویەتییە كایەوە"

أ.س