یه‌كێتی : سه‌رۆكی پارتی ناتوانێت پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرێت

چوار شەممە, 11 تەمموز 2018 13:50
 ده‌ربارەی هەردوو پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق و پارێزگاری كەركوك، یه‌كێتی نیشتیمانی په‌یماێك ئاراسته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات ،  بەرپرسێكی ئەو حزبەش ئاشكرای ده‌كات سەرۆكی پارتی ناتوانێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت.
(غازی كەركوكی) جێگیری لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك  رایگەیاند: پارتی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق بەهیچ شێوەیەك وەرناگرێت، چونكە سەرۆكی حزبەكەیان ناتوانێت كارەكانی ئەو پۆستە لە بەغداد رایی بكات.
لەبارەی پێداگیری پارتی لەسەر میكانزمی نوێ بۆ دابەشكردنەوەی پۆستەكانی كورد لە بەغدا، بەرپرسەكەی یەكێتی ئاشكرای ده‌كات :ئەو گێچەڵەی كە ئێستا پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق بەرامبەر بە یەكێتی دەیكات، بیانوو هێنانەوەیە بۆجێبەجێكردنی داواكارییەكانی دیكەی لەلایەن یەكێتییەوە، بەو مانایەی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار دەیەوێت پۆستێكی تر بەدەستبهێنێت.
سەبارەت بە پەیوەندی پۆستی سەرۆك كۆمار بە پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە، غازی كەركوكی ئاشكرایكرد، پۆستی پارێزگاری كەركوك بەهەڵبژاردن دەبێت و كێ كورسی زیاتر لە ئەنجومەنی پارێزگای شارەكە بەدەستبهێنێت، دەتوانێت پارێزگار دیاری بكات.
له‌ كۆتایدا جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی ئه‌وه‌ی بۆ SNN ئاشكرای كرد  : وەك یەكێتی دەستبەرداری ئەو پۆستە بۆ هیچ لایەنێك نابین، ئێستاش كە لەلایەن عەرەبێكەوە بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێت، هۆكارەكەی پارتییە كە ئامادەنییە بەشداری لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای شارەكە بكات.
ن.ش