وەزارەتی دارایی هەرێم دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران و خشتەی دووەمی مووچەش رادەگەیندرێت

سێ شەممە, 17 تەمموز 2018 11:07

وەزارەتی دارایی هەرێم دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران كە بەغدا 317 ملیار دینارەكە دەنێرێت و خشتەی دووەمی مووچەش رادەگەیندرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  ڕاگەیاند: "هیچ مەترسیەك لەسەر ئەو 317 ملیار دینارە نیە كە بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران رەوانەی دەكات، چونكە ئەوە رێكەوتنی لەسەر كراوە و مانگانەش بەردەوام دەبێت".


ئەو سەرچاوەیە پێیوایە ئەو رووداوانەی بەهۆی خۆپیشاندانەكانی باشوورى عێراق كەوتووەتەوە هیچ كاریگەری لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە نابێت.


لە سێ مانگی ڕابردوودا، 317 ملیار دینارەکەی بەغدا لە چەند کاتێکی جیاواز ھاتووە، مانگی یەکەم 18 لەسەر 19، مانگی دووەم 20 بۆ 21 و مانگی سێیەم لەبەر جەژن زووتر ڕەوانە کراو، ئێستاش ھەوڵ ئەو بڕە پارەیە زووتر بنێردرێت.


ڕوونیشی کردەوە، کە تا 20ی مانگ پارەکەی بەغدا دێت و چەند وەزارەتێک و فەرمانگەیەکی کەم ماون و پێش کۆتایی مانگی تەممووز مووچەکانیان دابەش دەکریێت.


سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی بە باسنیوزی وتوه‌: لە دوایین لێدوانیدا گوتەبێژی حكوومەتی عێراق دووپاتی كردووەتەوە و هیچ كێشەیەك نیە و بەردەوام دەبن لە ناردنی ئەو پارەیەی كە رێكەوتنی لەسەر كراوە.


عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندی لە ھەرێمی کوردستان پێشووتر  ڕاگەیاندبوو: "ئەو پارەیە بە فەرمانی عەبادی خەرج دەکرێت، ھەرکات خەرج بکرێت بۆ ئێمە ڕەوانە دەکرێت و ئێمەش بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرین".


 روونیشی کردبووەوە، کە ھەوڵ ھەیە بۆ ناردنی پارەکە، بەڵام تا ئێستا نەھاتووە، "مەرج نییە 20ی مانگ بنێردرێت، بەڵکوو دەکرێت پێش ئەو کاتەش بنێردرێت".

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی