حکومەتی ھەرێم گرێبەستی فەرمانبەران ھەڵناوەشێنێتەوە و خشتەی مووچە رادەگەێنرێت

چوار شەممە, 18 تەمموز 2018 06:02

حکومەتی ھەرێم گرێبەستی فەرمانبەران ھەڵناوەشێنێتەوە، سەرەتای ھەفتەی داھاتووش دەست بەدابەشکردنی مووچەی مامۆستایان دەکرێت.

راگەیاندنەكانی یەكێتی بڵاویان كردەوە كە حکومەتی ھەرێم گرێبەستی ھیچ فەرمانبەرێک ھەڵناوەشێنێتەوە، ئەگەر بودجەی ساڵی ٢٠١٩ش لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندبکرێت ئەوا فەرمانبەرانی گرێبەست دەکرێنە ھەمیشەیی.

راشیانگەیاندوە كە حکومەتی ھەرێم ٢٩ ھەزار فەرمانبەری گرێبەستی ھەیە و گرێبەستی ھیچ یەکێک لەو فەرمانبەرانە ھەڵناوشێنێتەوە، بەڵکو ئەو فەرمانبەرانە بەردەوام دەبن لە کارەکانیان، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر لە ساڵی ٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان یاسای بودجەی گشتی پەسەند کرد، ئەوا ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە دەبنە فەرمانبەری ھەمیشەی حکومەتی ھەرێم. لەلایەکی تریشەوە بڕیارە رۆژی پێنج شەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم، خشتەی دووەمی دابەشکردنی مووچە بڵاوبکاتەوەو سەرەتای ھەفتەی داھاتووش دەست بە دابەشکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە بکرێت.