ریزبه‌ندی خشته‌ی دووه‌می موچه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌ 

چوار شەممە, 18 تەمموز 2018 06:12
پاره‌ی دیاریكراو بۆ دابه‌شكردنی لیستی خشته‌ی دووه‌می مووچه‌ له‌ به‌غداوه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ هه‌رێم و " بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ خشته‌كه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌" و ریزبه‌نده‌كه‌شی ئاشكرا ده‌كرێت.
  

ماڵپه‌ڕی فه‌رمی یه‌كێتی له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی بڵاویكرده‌وه‌: تائێستا له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ سێجار بڕی دیاریكراوی پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ست وه‌زاره‌تی دارایی و بۆ ئه‌م مانگه‌ش بڕی پاره‌ی دیاریكراو له‌به‌غداوه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ستیان، به‌ڵام فه‌رمانی خه‌رجكردنیان پێنه‌دراوه‌و له‌چاوه‌ڕوانی فه‌رمانه‌كه‌دان.


 باسیان له‌وه‌شكردووه‌: هه‌ركات وه‌زاره‌تی دارایی فه‌رمانی خه‌رجكردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی پێدرا ده‌ستبه‌جێ خشته‌ی دووه‌می مووچه‌ راده‌گه‌یه‌نن و یه‌كه‌م وه‌زاره‌تیش مووچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دابه‌شده‌كرێت.


به‌پێی زانیارییه‌كان، دوای وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو پاشان وه‌زاره‌تی كارو پاشانیش مووچه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌و له‌دوای ئه‌وانیش مووچه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و خانه‌نشینی دابه‌شده‌كرێت و به‌وه‌ش كۆتایی به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ دێت.