سه‌عدی پیره‌ : ئه‌وه‌ی پارتی ده‌یكات زیاده‌رۆیه‌ و قابیلی قبول نیه‌

چوار شەممە, 18 تەمموز 2018 12:35

پارتی دیموكراتی كوردستان دادوەرێكی خۆی لە پۆستی سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان دادەنێت، كە پشكی یەكێتی بووەو وتەبێژی یەكێتیی ئاشكرای ده‌كات ئەوەی پارتی دەیكات زێدەڕۆییەقابیلی قبول نیه‌ .

دوای ئه‌وه‌ی  (سازگار ناجی عەلی) خانه‌نشین كرا  بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ پۆستی سه‌رۆكی داواكاری گشتی  لە لایەن (حاكم جەواد فەتاح )بە وەكالەت بەڕێوە برا، كە لەسەر پشكی پارتی بوو، بەر لەوەی ئەو پۆستە بۆ هەمیشەیی بدرێتە كەسێك لەسەر پشكی هەمان حزب، هاوكات (حاكم جەوادی) كرایە جێگری، بەو پێیەش سەرۆك و جێگری داواكاری گشتی ئێستا لە لایەن پارتییەوە به‌رێوه‌ ده‌بردرێت ، كە یەكێكە لە پۆستە هەستیارەكانی هەرێمی كوردستان.

له‌م باره‌یه‌وه‌ (سەعدی ئەحمەد پیرە) وتەبێژی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ڕایگەیاند: لە لایەن بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان و چەند بەرپرسێكی تری یەكێتییەوە ئاگەدار كراومەتەوە، كە پارتی بە فەرمی پۆستی سەرۆكی داواكاری گشتیی هەرێم و جێگرەكەشی بەسەر خۆیدا دابەش كردووە، لە كاتێكدا ئەم پۆستە پشكی یەكێتییە.

پیره‌ ئه‌وه‌شی به‌ ئاژانس راگه‌یاند : ئەوەی پارتی كردوویەتی زێدەڕۆییەكی زۆرە و قابیلی قبووڵ نییە، چونكە جگە لە پۆستی داواكاری گشتیی هەرێم و جێگرەكەی، پارتی سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتیی هەولێر و جێگرەكەشی بەسەر خۆیدا دابەش كردووە، بۆیە لە كۆبوونەوەكانی ئاییندەدا ئەو پرسە لەگەڵ پارتیدا باس دەكەین.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا (حاكم ئازاد خۆشناو ) بەفه‌رمی  كرایە سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتی هەرێم، كە لەسەر پشكی پارتی ئەژمار دەكرێت، لەكاتێكدا پێشتر ئەو پۆستە لەلایەن( سازگار ناجی عەلی )ەوە بەڕێوەدەبرا کە لەسەر پشكی یەكێتی بوو و لە ساڵی (2015) دا خانەنشین كرا.

 ن.ش