عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك هۆكاری ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی ئاشكرا ده‌كات

پێنج شەممە, 19 تەمموز 2018 13:02

ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له‌ هۆكاره‌كانی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی  له‌ حزبه‌كه‌ی  ده‌كات  و ئاشكرای ده‌كات  وه‌ك هه‌ڵسوڕاوێكی گۆڕان ده‌مێنمه‌وه‌ و تا ئێستاش هیچ به‌رنامه‌یه‌ك له‌ به‌رنامه‌ی گۆڕان به‌ باشتر نازانم، هۆكاری ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات .

(عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك) له‌ لێدوانێكیدا رایگه‌یاند : هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌م له‌ نامه‌كه‌دا باسكردووه‌، كه‌ بریتین له‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی دارایی و میدیایی گۆڕان له‌لایه‌ن كوڕانی كاك نه‌وشیروان و خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و دوو دامه‌زراوه‌یه‌ و بێباكی رێكخه‌ری گشتی و خانه‌ی راپه‌ڕاندن له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی گۆڕان كه‌ رێكخه‌ری گشتی به‌شێكن له‌و كێشانه‌و ناتوانن له‌ پێگه‌ی خۆیان ببورن بۆ چاره‌سه‌ری به‌شێك له‌ نیگه‌رانییه‌كان، هۆكاری سێیه‌میش بێهه‌ڵوێستی و بێ ده‌نگی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتیمانی له‌ ئاست كێشه‌كان و ته‌نها رۆڵی ته‌ماشاكار و بێلایه‌ن ئه‌بینن، له‌ كاتێكدا هه‌رشكست و به‌لارێدا بردنێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆتی جڤاتی نیشتیمانییه‌.

سه‌باره‌ت به‌سه‌رچاوه‌ی دارایی بزوتنه‌وه‌ی گۆران،ئه‌ندامه‌كه‌ی جڤاتی نیشتیمانی ئه‌وه‌شی به‌خه‌ندان راگه‌یاندوه‌ : من ئاگادار نیم لەو بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ باسده‌كرێت له‌ یه‌كێتییه‌وه‌ دێت، ته‌نها له‌ میدیاوه‌ بیستوومه‌ باسكردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌، به‌ڵام من به‌ خراپی ده‌زانم، چونكه‌ ئێمه‌ ئیشمان به‌ پاره‌ی یه‌كێتی نییه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر میدیاكه‌شمان دابخرێت، من زانیاریم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، دارایی ئێمه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ كۆمپانیای وشه‌وە دەهات و  زۆرجاریش هاوكاریمان لەچەند شوێنێکی دیکەوە پێدەگەیشت.

 ن.ش