دارایی لەسەر بڵاوكردنەوەی خشتەی زیادكردنی موچە ڕونكردنەوە دەدات

یەک شەممە, 22 تەمموز 2018 07:52
لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بڵاوكردنەوەی خشتەیەكی تایبەت بە زیادكردنی موچەو كەمكردنەوەی رێژەی پاشەكەوت، روونكردنەوە دەدات و ئەندامێكی لیژنەكەش، بڵاوكردنەوەی ئەو خشتەیە بەبانگەشەی هەڵبژاردن وەسفدەكات و ڕایدەگەیەنێت: حكومەت لەتوانایدا هەیە كۆتایی بەسیستمی پاشەكەوت بهێنێت و موچەی فەرمانبەرانیش زیاد بكات.
 
بەگوێرەی خشتەیەك كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، موچەی پەرلەمانتاران كەمدەكرێتەوەو موچەی فەرمانبەرانیش بەڕێژەیەك زیاد دەكات، زیادكردنەكەش لەمانگی 8ی ئەمساڵ ڕادەگەیەندرێت، بەڵام تائێستا حكومەت  هیچ ڕونكردنەوەیەكی لەبارەوە نەدراوەو راستیی خشتەكەی پشتڕاستنەكردۆتەوە.
 
د. شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لەپەرلەمانی كوردستان، ڕاگەیاند: ئەو خشتەیە تەنها هەوڵێكە بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، ئەگەرنا تا ئێستا هیچ شتێكی فەرمی بۆ زیادكردنی موچەی فەرمانبەران بەدەست ئێمە نەگەیشتووەو هیچ هەوڵێكی فەرمی حكومەتیش لەوبارەیەوە نییە تا دەست بەزیادكردنی موچە بكات.
 
وتیشی:" پێشتر سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران باسیان لەهەوڵەكانیان بۆ لابردنی پاشەكەوت و پێدانی موچەیەكی جێگیر بەفەرمانبەران كردووە، جگە لەوە هیچ شتێكی دیكەی فەرمی لەبەردەستی ئێمەدا نییە".
 
سەبارەت بەلابردنی سیستمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران و جێبەجێكردنی سیستمێكی نوێ، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی جەختیكردەوە، حكومەتی هەرێم ساڵێك بەر لەئێستا لەتوانایدابوو كۆتایی بەسیستمی پاشەكەوت بهێنێت نەك ئێستاو وتیشی:" ئەگەر حكومەت نیازی هەبێت بۆ لابردنی پاشەكەوت بەبەرچاوگرتنی داهاتەكانی ناوخۆو فرۆشتنی نەوت وئەو پارەیەشی لەبەغداوە دێت، دەتوانێت كۆتایی بەو سیستمە بهێنێت".