كاتی دابه‌ش كردنی موچه‌ی مانگی پێنجی فه‌رمانبه‌ران راگه‌یاندرا

یەک شەممە, 22 تەمموز 2018 12:24

ئه‌گه‌رچی تا ئێستا دابه‌ش كردنی موچه‌ی مانگی نیسانی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان ته‌واو نه‌بووه‌، به‌ڵام ئەندامێکی مەکتەبی سکرتاریەتیی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان زانیاری لەبارەی  دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری  چەند وەزارەتێک ئاشکرا کرد.

(د. نادر نانەکەلی) ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ڕایگەیاند: لە دوایین دانیشتنماندا لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک گلەیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردەمان وەک یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان پێ ڕاگەیاند، بەڵام وەزیری دارایی کۆمەڵێک پاساوی لەسەر بابەتی پارە و وەزارەتەکەی ھێنایەوە کە ئەو پاساوانە لای ئێمە شایەنی قەبوڵکردن نەبوو.

ئەندامەکەی یەکێتی مامۆستایان ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردوه‌ :وەزیری دارایی بەڵێنی پێ داوین، مووچەی مانگی چوارمان پێ بدات، ئەوەبوو مووچەکە وەرگیرا، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنی ئەوەی دا و گوتی لە ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەوەیان جێگیر کردووە، کە مووچەی مانگی پێنج لە مانگی ھەشت پێتان دەدرێت، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە لە یەکەم وەزارەت دەبێت لە لیستەکە و دواتر وەزارەتی پەروەردە و دواتر وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت.

له‌باره‌ی پێدانی موچه‌ پێش جه‌ژنی قوربان ، نانه‌كه‌لی ئه‌وه‌ی بۆ باسنیوز  ڕوون کردەوە: بێگومان پێش جەژن دەبێ، چونکە لە پێنجی مانگی داهاتووەوە دەست  بە دابەشکردنی مووچەکە دەکرێت، ڕۆژی ٢٢ی مانگی ئاب یەکەم  ڕۆژی جەژنی قوربانە، بۆیە بێگومان پێش جەژن، مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەدرێت.

 ن.ش