مانگانە یەك ملیار دینار دەگەڕێتەوە، پرۆژەی وەزیرێكی یەكگرتوو هاتە بەرهەم

دوو شەممە, 23 تەمموز 2018 09:13

 

دوای سێ ساڵ لە كاركردنی بەردەوام بۆ پاكردنەوەی لیستی موچەی خاوەن پێداویستیەتایبەتەكان لە كەسانی ناشایستە و بن دیوار، دواجار ئەنجامی پرۆژەیەكی محمد هاودیانی وەزیری كاروباری كۆمەلایەتی ڕاگەیەنرا كە بریتی بوو لە ئەنجامدانەوەی پشكنین بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان بە هاوكاری وەزارەتی تەندروستی و ژمارەكە لە 122 هەزارەوە بۆ 80 هەزار كەم بووەوە.


ئەمڕۆ د.ڕێكەوت حەمە ڕەشید وەزیری تەندروستی ئەنجامی پشكنینەكانی بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان ڕاگەیاند و ئاشكرای كرد ئێستا ژمارەی خاوەند پێداویستیە ڕاستەقینەكان لە وەزارەتەكەدا بریتیە لە 80 هەزار 111 كەس، زیاتر لە شەش هەزار 910كەس نەهاتوون بۆ پشكنین و 15 هەزار و 602 كەسیش لە پشكنین دەرنەچوون.


وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش كرد كە بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە زیاتر لە یەك ملیار دینار مانگانە بۆ حكومەتی هەرێم دەگەرێتەوە.


محمد هاودیانی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی لەسەر پشكی یەكگرتوو، پاش بڕیاری یەكگرتووی ئیسلامی بە كشانەوەی لە كابینەی هەشتەم، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش كرد.