وادەی باران بارین لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا ‌

سێ شەممە, 31 تەمموز 2018 09:16

شارەزایەکی بواری کەشناسی دەڵێت ئەمساڵ هاوینەکەی بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو فێنکتر بووە و ئەمەش وا دەكات زستانی ئەمساڵ سارد و باراناوی بێ و لە ناوەڕاستی ئەیلوول باران لە كوردستان ببارێت.

هەمزە شكاك شارەزای بواری كەشناسی و بوومەلەرزە بە (وشە)ی وتووە: وەرزی هاوینی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان پلەكانی گەرما لە ئاست چەند ساڵی رابردوودا گۆڕانكارییەكی زۆری بەسەردا هاتووە، تا ئێستە دوو شەپۆلی گەرمی كورتخایەن ڕووی كردووەتە هەرێمی كوردستان.

ڕاشیگەیاندووە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما تەنیا چەند رۆژێك بووە لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو كە ئەمساڵ هەشت ڕۆژی گەرم تۆمار كراوە بە گەیشتن بە 49 پلە لە كاتێك ساڵی ڕابردوو وەك ئەمڕۆ 29 ڕۆژ ئەو پلەیە تۆمار كراوە.

ڕوونیشی کردووەتەوە ئەو جیاوازییانە ئەوەمان بۆ دەردەخات ساڵێكی تەواو جیاوازمان دەبێت لە دابەزینی پلەكانی گەرما و رێژەی بارانبارین لە وەرزەكانی بارانباریندا زیادبوونی ڕووداوە سروشتییەكانی كەشوهەوا.

سەبارەت بە یەکەم باران بارینیش دەڵێت، دەسپێكی بارانبارینی ئەمساڵ بە ئەگەرێكی بەهێزەوە دەكەوێتەوە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول بۆ ناوچە شاخاوییەكان و ناوەندی شارەكانیش پلەكانی گەرمای بە تەواوی لێ‌ دادەبەزێت.

 

هونه‌ر بانه‌گوڵانی