ئەمریكا 200 بارهەڵگر چەك ڕەوانەی خۆرئاوای كوردستان دەكات

هەینی, 10 ئاب 2018 05:59

 

 

دوای ماوەیەك ڕاوەستانی ناردنی چەك و تەقەمەنی بۆ هێزە كوردییەكانی سوریا، واشنتۆن دەیان بارهەڵگر چەك و تەقەمەنی دیكەی ڕادەستی ئەم هێزانە كرد.

بەپێی هەواڵێكی هاوار نیوز، دوای ماوەیەك ڕاوەستانی ناردنی چەك و تەقەمەنی بۆ هێزە كوردییەكان لە سوریا واشنتۆن جارێكی تر دەستی بە ڕەوانەكردنی چەك كردۆتەوە بۆ ئەو مەبەستەش (200) لۆری چەك و تەقەمەنی دیكەی ڕادەستی ئەم هێزانە كردووە.

بەپێی زانیارییەكان، ئەم (200) لۆری چەك و تەقەمەنییە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی كوردستانی سوریا كراوەو بۆ شەڕی دژ بە داعشییەكان نێردراوەو لە كۆبانی ڕادەستی فەرماندەی هێزە كوردییەكان كراوە.

شایانی باسە كە ئەمریكا لە ساڵی (2014) بەملاوە بە مەبەستی شەڕی دژ بە داعش یارمەتی هێزە كوردییەكان دەدات و لەم ماوەیەدا بە هەزاران لۆری چەك و تەقەمەنی ڕادەستی كوردەكانی سوریا كردووە.

توركیا لەم هەنگاوەی ئەمریكا نیگەرانەو بەردەوام ڕایگەیاندووە، دژی هاوكاری ئەمریكا لەگەڵ كوردە، توركیا بێجگە لەم بابەتە لەسەر چەندین بابەتی دیكە وەك (فەتحولڵا گولەن) و قەشە (ئەندرو برانسۆن) كێشەی لەگەڵ واشنتۆن هەیەو ترامپ بە هۆی ئازاد نەبوونی برانسۆن گەمارۆی بە سەر توركیادا سەپاندووەو لیرەی توركیا بەرانبەر دۆلار بە ئاستێكی بەرچاو دابەزیوە.

 

 

ئـ . كـ