هەڵوێستی عەبادی لەبارەی دابینكردنی موچەی سێ توێژ لەهەرێم ئاشكرا كرا

هەینی, 10 ئاب 2018 11:00


سەرۆك وەزیرانی عیراق هەڵوێستی حكومەتەكەی لەبارەی "هاوتاكردنی موچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسیی هەرێم" لەگەڵ بەغدا، ئاشكرا دەكات و وتەبێژی وەزارەتی شەهیدانی هەرێمیش له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

 فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان‌ و كاروباری ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: دوا وتەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبارەی هاوتاكردنی موچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسیی هەرێم لەگەڵ بەغدا، ئەوەیە، كە پابەندن بە بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە.


ناوبراو وتیشی:" لەڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە نامەیەكی رەسمی بۆ سەرۆك وەزیرانی عیراق نێردراوە بەمەبەستی بینینی وەفدی لیژنە باڵاكەی هەرێم، كە لەلایەن وەزیری شەهیدانەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ئێستاش چاوەڕێی گەڕانەوەی وەڵامی ئەو نامەیە دەكرێت".


وتەبێژەكەی وەزارەتی شەهیدان رایگەیاند، بەشێكی زۆری كارەكانی ئەو لیژنەیە كۆتایی هاتووەو لەدوای بینینی حەیدەر عەبادی، دەبێت لەگەڵ دامەزراوەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی عیراق كۆببنەوە.


ئاشكراشیكرد، ژمارەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هەرێم كە موچەكانیان هاوتای عیراق دەكرێت و بەغدا خەرجی دەكات، 100 هەزار كەسەو داوا لە بەغداش دەكرێت بەبێ پاشەكەوت بیاندرێتی كە مانگانە 38 ملیار دیناری پێویستە.