پاشەكەوتی مووچەی ئەم چینە كەم دەكرێتەوە

یەک شەممە, 19 ئاب 2018 06:14

 

 

لێژنەی‌ پێشمەرگە لەپەرلەمانی‌ كوردستان ڕوونكردنەوە لەبارەی‌ پاشەكەوتی‌ مووچەی‌ ئەو پێشمەرگانە دەدات كە لەسەر دیوانی‌ وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشینكراون و لە (50%) پاشەكەوت لەسەر مووچەیان دەكرێت.

سەرۆكی‌ لێژنەكەش پەیامێكی دڵنیایی ئاڕاستەی‌ ئەو پێشمەرگە خانەنشینانە دەكات، ڕاشیدەگەیەنێت، داوامانكردوە بەیەكێك لەو دوو پێشنیازەی‌ ئاڕاستەمان كردون پاشەكەوتی‌ مووچەیان گۆڕانكاری تێدابكرێت.

ژمارەیەك پێشمەرگەی خانەنشین داوایانكردووە بەدواداچوون بۆ كێشەكەیان بكرێت كە لەسەر دیوانی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگەن و پاشەكەوت لەسەر مووچەكانیان بەڕێژەی‌ (50%) جێبەجێدەكرێت، بەڵام بەشێكی‌ دیكەی ئەو هێزانە خراونەتە سەر دامەزراوەی‌ دیكەو پاشەكەوتی‌ مووچەش نایانگرێتەوە.

(شیلان جەعفەر) سەرۆكی‌ لێژنەی‌ كاروباری‌ پێشمەرگە لەپەرلەمانی‌ كوردستان بۆ ئێس ئێن ئێن ڕایگەیاند، چەند جارێك بەدواداچونمان بۆ كێشەی‌ ئەو پێشمەرگە خانەنشینانە كردووە كە لەسەر دیوانی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە خانەنشینكراون و پاشەكەوتی‌ مووچەیان بەڕێژەی‌ لە (50%) یە، جگە لەوەش ئەو بابەتەمان لەگەڵ وەزارەتی‌ دارایی و پێشمەرگە چەند جارێك تاووتوێكردوە.

وتیشی‌: ناكرێت پێشتر هەمان ئەركیان هەبوبێت و ئێستا جیاكاری لەمووچەیان بكرێت، بەجۆرێك بەشێك لەو هێزانە پاشەكەوت هەر نایانگرێتەوەو بەشێكی‌ دیكەشیان نیوەی‌ موچەیان پێدەدرێت.

ئەوەشی‌ ڕونكردەوە، دوو پێشنیازمان بۆ مووچەی‌ ئەو پێشمەرگە خانەنشینانە خستۆتە بەردەم وەزارەتی‌ دارایی و پێشمەرگەو حكومەت، ئەو دوو پێشنیازەش ئەوەیە یاخود پاشەكەوتەكەیان بەیەكجاری لاببرێت، یان ئەگەر حكومەتیش لەقەیراندایەو ناتوانێت ئەوە بكات، ئەوا دەتوانێت خانەنشینانی‌ پێشمەرگە هاوشێوەی‌ هێزەكانی پیشمەرگە ڕێژەی‌ پاشەكەوت لەسەر موچەكەیان پەیڕەو بكرێت.

 

 

 

ئـ . كـ