‌روونكردنەوە سەبارەت بە مووچەی كەمئەندامانی هەولێر دەدرێت

دوو شەممە, 20 ئاب 2018 12:13

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر رەتیدەكاتەوە مووچەی هیچ كەمئەندامێكی سنورەكەیان بڕدرابێت و دەڵێت دوای جەژن مووچەكانیان وەردەگرن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا كە وێنەی بۆ كوردیو هاتووه‌ ، روونكردنەوەی سەبارەت بە بڕینی مووچەی كەمئەندامانی پارێزگاكە داوە و دەڵێت، مووچەی كەمئەندامان نەبڕدراوە و دوای جەژنی قوربان مووچەكانیان وەردەگرن.

لەو روونكردنەوەیەدا هاتووە، دوای راگەیاندنی ئەنجامی كاری لیژنەكانی پزیشكی و ئاشكرا كردنی ژمارەی ئەو كەمئەندامانەی لە پشكنین دەرنەچووبوون، بە پێویستی دەزانن خاوەن پێداویستە تایبەتەكانی سنووری هەولێر ئاگادار بكەنەوە تائێستا بە فەرمی مووچەی هیچ كەسێك نەبڕاوە، بەڵكو بۆ ماوەیەكی كاتی راگیرابوو تا ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتانەی كە لە پشكنینی لیژنەكانی پزیشكی دەرنەچووبوون لە بڕیارەكانی لیژنە ئاگادار ببنەوە و ئەگەر گومانیان لەسەر بڕیاری لیژنەكانە، ئەو مافەیان پارێزراو بێت دووبارە داوای بینینەوەی لیژنەی پزیشكی بكەن.

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری كۆمەڵایەتی هەولێر داوا لە سەرجەم ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتانە دەكات كە مووچەكانیان راگیرا بوو، دوای پشووی جەژنی قوربان سەردانی بانكەكان بكەن و مووچەی خۆیان وەربگرن.

هەمانكات دەڵێت، ئەگەر لە بڕیاری لیژنەی پزیشكیش ناڕازین سەردانی بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی هەولێر بكەن بۆ تانە لێدان لە بڕیاری لیژنەكە و داواكردنی دووبارە بینینەوەی لیژنەی پزیشكی كە دوا مۆڵەت بۆ پێشكەشكردنی ئەو داواكارییە رۆژی 24-9-2018یە.