ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو له‌ په‌یامێكی پیرۆزباییدا داوایه‌ك ئاراسته‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات

دوو شەممە, 20 ئاب 2018 19:13

 

 

 

بەبۆنەی هاتنەوەی جه‌ژنی قوربانی پیرۆز‌ مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوده‌كاته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت: ده‌خوازم ئێمه‌ی كوردستانیان له‌م جه‌ژنی قوربانه‌دا دڵسۆزانه‌ وێڕای به‌رده‌وامی له‌سه‌ر خه‌باتی دژه‌ سته‌م و گه‌نده‌ڵی و سه‌ره‌ڕای هه‌موو سه‌رنجه‌كان پێكه‌وه‌ بین.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو وێرای پیرۆزبایی جه‌ژنی قوربان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: به‌داخه‌وه‌ نه‌ریتی بێ متمانه‌یی و یه‌كتر سفركردن و دووبه‌ره‌كی زاڵ بووه‌ و نه‌هامه‌تی و چه‌قبه‌ستویی و گه‌نده‌ڵی به‌ره‌و هه‌ڵكشان ئه‌چێ.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان

لبیك اللهم لبیك.. لبیك لا شریك لك لبیك..

جه‌ماوه‌ری ئیمانداری كوردستان

السلام علیكم ورحمه‌ الله وبركاته

هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربانی پیرۆز و وه‌رزی مه‌راسیمی حه‌جی كه‌عبه‌ی پیرۆز له‌ خۆمان و خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی كوردستان و سه‌رجه‌م موسڵمانانی جیهان پیرۆز ده‌كه‌م .. له‌ خوای میهره‌بان داواكارم تاعه‌تی حاجیه‌كانمان گیرا بێ و به‌سه‌لامه‌تی بگه‌رێنه‌وه‌ لامان و گه‌ل و وڵاتمان له‌ به‌ڵا و نه‌هامه‌تی و ئاژاوه‌ بپارێزی و هه‌موولایه‌كمان بخاته‌وه‌ سه‌ر راسته‌رێ ی پێغه‌مه‌رانی سه‌روه‌ر ( ئیبراهیم و محه‌ممه‌د) سه‌لامی خودایان له‌سه‌ر بێت ..

ئه‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌ به‌ هه‌ل ده‌زانم كه‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان بكه‌م به‌ ده‌سه‌ڵات و هێزه‌ سیاسیه‌كان و نوخبه‌ی رۆشنبیران و هاوڵاتی و جه‌ماوه‌ری ماندوكراو و برسی كراوه‌وه‌ به‌ گیانێكی به‌رپرسیارانه‌ و دڵسۆزانه‌وه‌ له‌ ئاستی هه‌ستیاری قۆناغه‌كه‌ دابین و له‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌وه‌ وانه‌ی گه‌رده‌ن ئازایی و لێخۆشبون فێربین و ده‌ستی لێ بورده‌یی و چاوپۆشی بخه‌ینه‌ سه‌ر برینه‌كانمان و به‌ده‌سته‌كه‌ی تر ده‌رگای رێز له‌ جیاوازیه‌كان و پێكه‌وه‌ گفتوگۆ و به‌خۆداچوونه‌وه‌ له‌ خۆمان بكه‌ینه‌وه‌ و، بنیاتنه‌رانه‌ ململانێ و ركابه‌ری بۆ خزمه‌ت بكه‌ین نه‌ك دوژمنایه‌تی و لێكدابران و ئێسك شكاندن و بێ هیواكردنی جه‌ماوه‌ر ..

به‌داخه‌وه‌ نه‌ریتی بێ متمانه‌یی و یه‌كتر سفركردن و دووبه‌ره‌كی زاڵ بووه‌ و نه‌هامه‌تی و چه‌قبه‌ستویی و گه‌نده‌ڵی به‌ره‌و هه‌ڵكشان ئه‌چێ له‌ كاتێكدا ته‌نگژه‌ و له‌مپه‌ره‌كان له‌به‌رده‌م پرسی ره‌وای گه‌لدا زیاتر بووه‌ و هه‌ره‌شه‌كان زۆرتربوون ..

بۆیه‌ ده‌خوازم ئێمه‌ی كوردستانیان له‌م جه‌ژنی قوربانه‌دا دڵسۆزانه‌ وێڕای به‌رده‌وامی له‌سه‌ر خه‌باتی دژه‌ سته‌م و گه‌نده‌ڵی و سه‌ره‌ڕای هه‌موو سه‌رنجه‌كان پێكه‌وه‌ بین بۆ چاكسازی له‌ ناوه‌وه‌ و به‌رهه‌ڵستكاری له‌ ده‌ره‌وه‌ ..

له‌م جه‌ژنی قوربانه‌دا په‌یامی دان به‌خۆداگرتن و دان به‌هه‌ڵه‌دانان وه‌رگرین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ستراتیژی چاكسازی و چاره‌سه‌ر بمانبات و ته‌واوی رێكار و میكانیزمه‌ مه‌ده‌نی یه‌كان و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ گرنگی یه‌وه‌ په‌یره‌و بكه‌ین و به‌ ئومێده‌وه‌ هه‌ڵمه‌ت به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ین به‌له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌ل و ئه‌زمونه‌ سیاسیه‌كه‌ی هه‌رێم و پاراستنی بنه‌ماكانی شه‌راكه‌تی سیاسی و هاوسه‌نگی و هه‌ماهه‌نگی هه‌موان ...

جارێكی تر جه‌ژنی قوربانی هه‌موان له‌هه‌مولایه‌ك پیرۆز ئه‌كه‌م

براتان
سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین
ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان