گۆڕانكارییەك لە لیستی دابەشكردنی مووچەدا دەكرێت

سێ شەممە, 11 ئەیلول 2018 07:22

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕانكاری لە كاتی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتێک دەکات.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لایەن سەرچاوەیەك لە گەنجینەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دراون، وەزارەتەکە گۆڕانكاری لە لیستی دابەشكردنی مووچەدا کردووە.

 

بە وتەی سەرچاوەكە بڕیاربووە کە مووچەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و خوێندنی باڵا بەیەکەوە دابەش بكرێت، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ گۆڕانكاری له‌ خشتەكەدا كراوە.

 

سەرچاوەكە وتی: "رۆژی چوارشەممە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٨، مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و كەسوكاری شەهیدان ئەنفاكراوان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەكرێت".

 

هەمان سەرچاوە ئاشکراشی کرد کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠١٨، مووچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دابەش دەكرێت.


بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، وەزارەتی دارایی و ئابووری چیتر خشتەی مووچە ڕاناگەیەنێت، بەڵکوو هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکات، بەڵام هێشتا نازاندرێت ئاخۆ ڕیزبەندی و ڕۆژی وەرگرتنی مووچەی هەر وەزارەتێک لە چ کاتێک دەبێت.