ده‌نگۆی پێدانی 6 ملیۆن دینار به‌خانه‌واده‌ی شه‌هیدان له‌ ئارادایه‌

پێنج شەممە, 13 ئەیلول 2018 13:40
لیژنه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان دڵنیایی به‌خانه‌واده‌ی‌ شه‌هیدانی‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ داعش ده‌دات سه‌باره‌ت به‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ پێدانی‌ پێنج ملیۆن دینار مینحه‌ی حكومه‌ت و یه‌ك ملیۆن دیناری‌ په‌رله‌مان، سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ش ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، "له‌هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامده‌بین تاوه‌كو بتوانرێت پێدانی‌ ئه‌و دوو مینحه‌یه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌".
 

 

شیلان جه‌عفه‌ر سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ ئێس ئێن ئێنی‌ ڕاگه‌یاند، "بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ پێدانی‌ بڕی‌ پێنج ملیۆن دیناری‌ مینحه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌خانه‌واده‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌كان، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌و به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت ئه‌و بابه‌ته‌مان باسكردوه‌و داوامانكردوه‌ به‌زوترینكات پێدانه‌وه‌ی‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌".

وتیشی‌:"له‌هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامده‌بین به‌جۆرێك، بتوانرێت له‌گه‌ڵ باشتربونی‌ باری‌ دارایی حكومه‌ت، پێدانی‌ یه‌ك ملیۆن دیناری مینحه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانیش بۆ خانه‌واده‌ی‌ شه‌هیدانی‌ شه‌ڕی‌ داعش ده‌ستپێبكاته‌وه‌".

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "به‌شێكی‌ زۆری ئه‌و خانه‌واده‌ی‌ پێشمه‌رگانه‌ له‌وه‌رگرتنی‌ ئه‌و دوو مینحه‌یه‌ی په‌رله‌مان  سودمه‌ندبون، به‌ڵام به‌شێكی دیكه‌شیان تائێستا ئه‌و پاره‌یه‌یان وه‌رنه‌گرتوه‌".

سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاشكراشیكرد، "ئێمه‌ وه‌ك لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندار تا 6ی 11ی 2018 كه‌ كۆتا ڕۆژی ته‌مه‌نی‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مانه‌، له‌هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامده‌بین بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانرێت ئه‌و دوو مینحه‌یه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌و خانه‌وادانه‌ی‌ تائێستا ئه‌و دوو مینحه‌یه‌یان وه‌رنه‌گرتوه‌".




ف.ق