وته‌بێژی یه‌كێتی : کەس لە دەرەوەی یەکێتی کاندیدی ئێمە نییە بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار

پێنج شەممە, 13 ئەیلول 2018 14:19

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیددا ئەمڕۆ ١٣ی ئەیلول رایگەیاند؛ بەگوێرەی رێککەوتنێک کە پێشتر لەگەڵ پارتی ديموكراتى كوردستان هەیانبووە پۆستی سەرۆک کۆمار ئیستحقاقی یەکێتییە؛ "لە ڕێککەوتنەکەدا پۆستی سەرۆکی هەرێم درابوو بە پارتی. ڕاستە ئێستە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم نییە، بەڵام دەسەڵاتەکانی لای سەرۆکی حکومەتە کە ئەویش پارتییە".

پیرە؛ دووپاتیکردەوە کە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کۆمار دەبێت ئەندامی یەکێتی بێت، "ئەندامانی ئێمە توانای ئەوەیان هەیە ئەو بەرپرسیارێتییە وەرگرن، بۆیە کەس لە دەرەوەی یەکێتی کاندیدی ئێمە نییە".

سەبارەت بە پۆستی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، وتەبێژی یەکێتی رايگەیاند كة حزبه‌كه‌ى شەش كورسی هێناوەو مافی خۆیەتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ ئەو بێت؛ "لە چەند رۆژی داهاتووداشدا، پارتی دەگەڕێتەوە کەرکوک و ئەو پرسە یەکلایی بووەتەوە".



ف.ق