نەوتی كەركوك دەدزرێت

هەینی, 14 ئەیلول 2018 08:31

 

 

نەوتی خاوی كەركوك، لەرێی بۆری پلاستیكییەوە دزراوەو براوەتە پارێزگای سەڵاحەددین، ئەوەش بەپێی ناوەندی راگەیاندنی ئەمنی.

ئەو ناوەندە ئەمنییەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردووە، لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكاندا، توانراوە هەوڵێكی بە قاچاخبردنی نەوتی كەركوك پووچەڵبكەنەوە.

وەكو لە بەیاننامەكەدا هاتووە، بەشی هەواڵگری پۆلیسی نەوت بەهەماهەنگی هێزەكانی تر، پاڵپشت بە زانیاری ورد گەیشتوونەتە شوێنی بە قاچاخبردنی نەوتی خاوی كەركوك، ئەوەش لەرێگەی بۆری پلاستیكییەوە بەرەو سەڵاحەددین.

ئەو بۆرییە پلاستیكییانە، درێژییان (75) مەتر بووەو نەوتیان لە كەركوكەوە گەیاندۆتەوە پاڵاوگەی سینی، كە بە دوری (10) كیلۆمەتر دەكەوێتە خۆرئاوای بێجی.

لە سنوری پارێزگای كەركوك هەریەك لە كێڵگە نەوتیەكانی ئاڤانا‌و بای حەسەن لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بوون و رۆژانە (250) هەزار بەرمیلی هەناردە دەكرا، بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ كیڵگە نەوتیەكانی قوبەی بابا‌و جەمبور‌و خەبازە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقیدان.

زیاتر لە (11) مانگە هەناردەی نەوتی كەركوك راگیراوە، سەرباری پێشنیاری حكومەتی هەرێم بۆ هەناردەكردنی، وەزارەتی نەوتی عێراقیش لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە رێككەوتن رۆژانە نزیكەی (60) هەزار بەرمیل نەوتی شارەكە رەوانەی ئەو وڵاتە بكەن.

 

 

ئـ . كـ