مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەكرێت

هەینی, 14 ئەیلول 2018 11:28

بڕیارە هەفتەی داهاتوو مووچەی تەواوی وەزارەتەكانی دیكەی حكومەتی هەرێم دابەشبكرێت و سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی دەڵێت: “گەنجینەكان ڕۆژێك پێش دابەشكردنی مووچە وەزارەتەكەی لێ ئاگادار دەكاتەوە”.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو مووچەی وەزارەتەكانی دیكەی حكومەتی هەرێم دابەشبكرێت بەجۆرێك ڕۆژی یەك شەممە 16ی ئەیلول مووچەی وەزارەتەكانی ناوخۆ و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و مووچەی مانگی 8ی كەمئەندامان دابەشبكرێت.

پێشتر، سامان حسێن، سكرتێری یەكێتی كەمئەندامان رایگه‌یاندبوو ، “لە وەزارەتی داراییەوە پێیان ڕاگەیاندم، كە ڕۆژی یەك شەممە مووچەی كەمئەندامان دابەش دەكرێت”.

هەر بە پێی زانیاریەكان، ڕۆژی دوو شەممە 17ی ئەیلول، مووچەی هێزەكانی زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن و ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش و لیوای نەوت گاز دابەش بكرێت.

سەرچاوەیەكی باڵاش لە وەزارەتی دارایی و ئابووری  ڕایگەیاندوه‌، وەزارەت پێش وەختە هیچ خشتەیەك بڵاوناكاتەوە، بەڵكو گەنجینەكان ڕۆژێك پێشتر وەزارەتەكان ئاگادار دەكاتەوە لە دابەشكردنی مووچە و ئەو خشتانەی بڵاوكراونەتەوە دوورن لە ڕاستیەوە.

بۆ پێدانی مووچەی لیستی دووەمی وەزارەت و دەزگا و فەمانگەكانی دیكە، مانگانە حكومەتی هەرێم چاوەڕێی هاتنی بڕی 317 ملیار دینارەكەی بەغدا دەكات تا مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابەش بكات.