دابەشکردنی موچە پێشخرا

شەممە, 15 ئەیلول 2018 07:02

حکومەتی عیراق چەند رێوشوێنێک بۆخەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەگرێتەبەر، بەڕێوەبەری گشتی لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عیراقیش رایدەگەیەنێت: دابەشکردنی موچەی لەعیراق پێشخراوەو پێویستە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیش ڕۆژی چوارشەممە یان پێنج شەممەی ڕابردوو خەرجبکرایە، بەڵام ئەوەندەی رێوشوێن بۆدانراوە، کاتی خەرجکردنەکەی نازانین.

عابد ساڵح بەڕێوەبەری گشتی لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عیراق راگەیاند: بڕی ئەو ٣١٧ ملیار دینارەی لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بۆ موچەی فەرمانبەران خەرجدەکرێت، ئیستیحقاقی فەرمانبەرانی ھەرێمە، بەڵام بۆ ناردنی پارەکە چەندین رێوشوێنیان داناوە، کە ئێمەش بەتەواوی نازانین لەچ کاتێکدا خەرجدەکرێت.

وتیشی:"پێویستە لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی موچە لەعیراق، بڕی ئەو ٣١٧ ملیارەی ھەرێمیش خەرج بکرێت، پێشتر دابەشکردنی موچەی عیراق درەنگتر دەستیپێدەکرا، بەڵام ئێستا ھاتۆتەپێشەوە، بۆیە دەبوایە ڕۆژی چوارشەممە یان پێنج شەممەی هەفتەی ڕابردوو خەرجبکرێت".

راشیگەیاند: خەرجکردنی پارەکە پێویستی بەئیمزای حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق ھەیە، لەکاتێکدا پێموانییە خەرجکردنی موچەی پارێزگاکانی دیکەی عیراق بەوشێوەیەبێت.

 

 

 

 

 


snn